"مەقەڕ سریەکە کێڵگەی مینە و نزیکی مەبنەوە"

دانیشتووانی گوندی پاریاوڵەی بچوک لە سنووری ناحیەی پێباز وریای خۆتان بن

شۆڕش قادری

دانیشتووانی گوندی پاریاوڵەی بچوک لە سنووری ناحیەی پێباز لە گەرمیان بە هیچ شێوەیەک نزیکی ناوچەی مەقەڕ سریەکە مەبنەوە، کێڵگەی مینە و مەترسی تەقاندنەوەیان هەیە.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە لایەن تیمی مینلابەری دەستی (GD3) سەر بە چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین/ گەرمیان، ژمارەیەک مینی دژە کەسی لە جۆری( VS50 ) لە کێڵگە مینی

(مقڕ سریەکە-E)دۆزراوەتەوە کە دەکەوێتە گوندی پاریاوڵەی بچوک لە سنووری ناحیەی پێباز.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین/گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا داوا لە دانیشتووانی گوندی پاریاوڵەی بچوک و دەوروبەری دەکات بۆ هیچ مەبەستێک نزیکی ئەو ناوچەیە نەبنەوە، تا ئەو کاتەی لەلایەن تیمەکانیانەوە پاکدەکرێتەوە و دڵنیایی دەدەن لە سەلامەتی شوێنی کێڵگە مینەکە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو شوێنە کێڵگەمینێکی زیندووە و بۆ ئەوەی کارەساتی نەخوازراو روو نەد    ات و هەموو لایەک سەلامەت بێت، کەس نزیکی نەبێتەوە.