چاندنی 700 نەمام لە دووكان
هەڵمەتێكی پاككردنەوە لە سەید سادق و ماوەت و پێنجوێن جێبەجێكرا
964+
محەمەد فاتیح
لە بەردەوامی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان كۆمەڵێك خزمەتگوزاری نەمام چاندن و پاككردنەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامدران.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویكردەوە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، زیاتر لە 700 نەمام و گوڵ لە جۆرەكانی ( رۆزماری، واشنتۆن، توو، گوڵەباخ، زەیتون، صۆیا ) لە سنووری قەزاكە چێندراوون و هەر لەو ماوەیەدا رووبەری (624 ) مەتر دووجا لە پارکەکانی ( پێشمەرگە، گشتی، هێمن ) بە چیمەنی جۆری رازیۆم سەوز كراوه.
باسی لەوەش كرد لە سنوری زۆنی یەكی شارەزوور دەستیان كرد به ئاودانی نەمامەكان، پاككردنەوە و گسکدانی شەقامەكان، هەڵگرتنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاک، پاککردنەوەی شەقامە سەرەكییەكانی دەرەوەی شار، پڕکردنەوەی گۆماوەکانی ناو چەمی چەقان.
وتيشى، “هەڵمەتێكی پاككردنەوەش لەسەر ڕێگای ماوەت جێبەجێكرا كه لە سنوری گوندی سورەقەڵات و باناڵێ دەستیپێكرد هەتا سنوری ناوەندی قەزای ماوەت و هەر لە هەڵمەتەكەدا رووبەری سەوزایی سنەوبەرەكانی سنوورەكە لە خۆڵ و خاشاك پاككرایەوە”.
ئاماژەشی كرد هەڵمەتێكی بەرفراوانی پاككردنەوی خۆڵ و خاشاك و شۆردنی ناوەندی قەزای سیتەك و گوندەكانی دەوروبەری جێبەجێكرا و هەڵمەتەكە بەبەشداری دەیان ژینگەپارێز و بەكارهێنانی چەندین بارهەڵگر و كەپسی خۆڵ و خاشاك و شۆڤڵ و حەفارە و گەڵابە ئەنجامدراو و توانرا لەماوەیەكی كەمدا تەواوی سنوورەكە لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاك پاكبكرێتەوە.