"مۆڵەتیان نەبوو"
گەراجەکانی مەرزی سەیرانبەن داخران
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەهۆی نەبوونی مۆڵەت و مەرجە دیاریکراوەکان، دوو گەراجی راگرتنی ئۆتۆمبێل لە مەرزی سەیرانبەن داخران.
زیاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک بە 964ـی وت، ئەوان بڕیاری داخستنی ئەو گەراجانەیان داوە، چونکە مۆڵەتیان نەبووە و هیچ مەرجێکی گەراجیان تێدا نەبووە و پێویست بووە دابخرێن.
گەراج دەبێت لانیکەم 25 مەتر لە شەقامی سەرەکییەوە دوور بێت و نابێت ستوونی کارەبای تێدابێت
بە قسەی زیاد عەبدوڵا، مەرجی گەراج ئەوەیە، دەبێت لانیکەم 25 مەتر لە شەقامی سەرەکییەوە دوور بێت و ناشبێت ستوونی کارەبای تێدابێت، بەڵام گەراجەکانی سەیرانبەن هەم ستوونیان تێدا بوو، هەمیش بە تەواوی لەسەر جادەکەن.
باسی لەوەش كرد، لە حاڵەتی نەخوازراودا وەک شۆرتی کارەبا یان ئەگەر بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵ لەدەستبدات، زیانێکی زۆری لێ دەکەوێتەوە، لەبەر ئەوە داخران.
گەراجەکانی سەیرانبەن بۆ ئەو هاوڵاتییانە بوون کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەچوونە مەرزەکە، لەوێ ئۆتۆمبێلەکانیان رادەگرت تا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەگەڕانەوە.
سەیرانبەن یەکێکە لە مەرزە نافەرمییەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 18 کیلۆمەتری شاری بانە و 30 کیلۆمەتری قەزای پێنجوێنە و نزیکەی 160 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە.
مەرزی سەیرانبەن لە ساڵی 2021ـەوە بەڕووی گەشتیاراندا کراوەتەوە و هەر لەو کاتەشەوە چەند جارێک باسی کردنەوەی مەرزەکە بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا کراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق رێگەی نەداوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت و ببێتە مەرزێکی نێودەوڵەتی.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری