کەرەستەی کاریان بۆ دابینکرا

42 گەنجی هەڵەبجە دەبنە خاوەنکاری خۆیان

964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

کەرەستەی کار بۆ 42 گەنجی هەڵەبجە لە پێنج بواری جیاوازدا دابینکرا، بۆئەوەی ببنە خاوەنکاری خۆیان و دەست بە کارکردن بکەن.

لە هەڵەبجە خولێکی راهێنانی پیشەیی بۆ 75 بەشداربوو لە پێنج بواری جیاوازدا بەڕێوەچوو کە 30 رۆژی خایاند و ئەمڕۆ دووشەممە 26.5.2025 دوای تەواوبوونی خولەکە، بڕوانامەی بەشداریکردن بەخشرایە بەشداربووان، 42 بەشداربووش کەرەستەی کاریان بۆ دابینکرا، تاوەکو بتوانن دەست بە کاری خۆیان بکەن.

توانا رەفعەت، بەرپرسی پڕۆژەکە بە 964ـی وت، “پێنج خولی راهێنان لە بوارەکانی (سیستەمی سۆلار پەناڵ، بەرهەمهێنانی قارچک، دروومان، گرافیک دیزاین، و چاکردنەوەی موبایل) بۆ 75 فێرخواز کراوەتەوە، ئەمڕۆش کەرەستەی کار درایە بەشێک لە بەشداربووە سەرکەوتووەکان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەرەستەکان پێویستی سەرەتایین بۆ هەر بەشداربوویەک کە بیەوێت دەست بە کاری خۆی بکات، بۆ نموونە بۆ بەشداربووانی خولی گرافیک دیزاین لاپتۆپێکی کوالیتی بەرز دابینکراوە، بۆ خولی سۆلار پەناڵیش ئەو کەرەستانەی کە پێویستن بۆ بەستن و دانانی سیستەمەکە، دابینکراوە.

کەژان نوری تاکە خانمی بەشداربووی سیستەمی سۆلار پەناڵە و بە 964ـی وت، “دەرچووی بەشی زانستە کۆمەڵایەتیەکانم و توێژینەوەی دەرچوونم لەسەر کاریگەری مۆلیدە ئەهلیەکان بووە، هەر ئەمەش هاندەربوو بۆ ئەوەی بەشداری ئەم خوولە بکەم، هەتا جێگرەوەیەکی ژینگەدۆست بۆ ئەو مۆلیدانە بدۆزینەوە”.

باسی لەوەشکرد، لە خولەکەدا فێری زۆر شت بووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ماڵی خویانەوە دەست بە دانانی سیستەمی سۆلار دەکات.

تارا محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی بە 964ـی وت، پڕۆژەکە بەهاوکاری ئەوان ئەنجامدراوە و خولەکان پاش هەڵسانگاندنی بازاڕی کار و بە پێی پێویستی بازاڕ کراونەتەوە.

ئاشکراشیکرد، لەمساڵدا ئەوە هەشتەمین خولی لەو شێوازەیە کە کراونەتەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و لە دوو ساڵی رابردوودا 59 خولی جۆراوجۆر کراونەتەوە و 860 گەنج لە خولەکان سوودمەند بوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

هەڵەبجە بەشدارى لە کۆبونەوەی تۆڕی شارە بەهێزەکان كرد

هەڵەبجە بەشدارى لە کۆبونەوەی تۆڕی شارە بەهێزەکان كرد