بەشێک لە بەشداربووانی خولەکە. فۆتۆ: کشتوکاڵی هەڵەبجە
بۆ کاری کشتوکاڵی
بەشێک لە جوتیارانی هەڵەبجە فێری تەکنەلۆجیا دەکرێن
964+
ژووری هەواڵ
بەشێک لە جوتیارانی هەڵەبجە خولێکی تایبەتیان بۆ کرایەوە و فێر دەکرێن چۆن تەکنەلۆجیا بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاربهێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە 26.5.2025، ستار مەحمود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، خولێکی تایبەت بە گۆڕانکاری کەشوهەوا و کشتوکاڵی زیرەک و پاڵپشتی پڕۆژەی کشتوکاڵی بۆ 50 جوتیاری سنوورەکە کرایەوە و ماوی پێنج رۆژ دەخایەنێت.
“خولەکەش بریتیە لە ڕاهێنانێکی تایبەت بۆ بەهێزکردنی توانای جوتیاران لە بواری بەڕێوەبردنی ئاودێری و شێوازە نوێیەکانی کشتوکاڵ و کەشوهەوای زیرەکی کشتوکاڵی”، کشتوکاڵی هەڵەبجە وا دەڵێت.
گرنگترین بابەتەکانی رۆژانی خول بریتین لە:
• تەکنیکەکانی نوێی ئاودێری و بەکارهێنانی کارا
• شێوازەکانی کشتوکاڵی زیرەک و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا
• پێشبینی کەشوهەوا و کاریگەری لەسەر بەرهەم
• بەڕێوەبردنی بەردەوام و پاراستنی ژینگە
بڕیارە لەدوای خولەکە، رێکخراوی فریاگوزاری ئیسلامی جیهانی-عێراق (IRW-Iraq) کۆمەڵێک ئامێر و ئامرازی کشتوکاڵی تایبەت بدات بە جوتیارە هەڵبژێردراوەکان کە یارمەتیدەری جێبەجێکردنی ئەو زانیاری و تەکنیکانە دەبێت کە لە ماوەی راهێنانەکاندا فێری بوون.