"75 خێزان داوای 118 منداڵ دەکەن"
دوایین ئامار لەسەر کەیسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە خرایەڕوو
964+
ئەمەل ناجی _ هەڵەبجە
رۆژی 25ـی ئایاری هەموو ساڵێک بو رۆژی منداڵانی ونبوو دیاریکراوە، بەو بۆنەیەشەوە لە هەڵەبجە لە گفتوگۆیەکدا دوایین ئامار و زانیاری لەسەر کەیسی منداڵانی ونبووی هەڵەبجە خرایەڕوو.
لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “لە هەڵەبجەدا 76 خێزان تۆمارکراون کە داوای 119 منداڵی ونبووی کەیسی کیمیاباران دەکەن، لەو ژمارەیەش لە ئێستادا تەنها یەک کەیس گەڕاوەتەوە و یەکلابووەتەوە، هێشتا 118 منداڵ ماون، لەو ژمارەیەش چەند کەیسێکمان هەیە کە هێشتا یەکلانەبوونەتەوە، یاخود دوای پشکنینەکان، کێشە لە کەیسەکانیاندا دروستبووە و لەئێستادا چوار کەیسمان لە دادگایە”.
هاوکات موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی وت، “کێشەی کەیسی ئەم منداڵە ونبووانە، ئەوە بوو کە پێش ئەوەی دادگا بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە، میدیا هەوڵی یەکلاکردنەوەی بابەتەکەی دەدا، بۆیە بابەتەکە دەبووە میدیایی نەک یاسایی، ئەمەش هەڵەیەکی گەورە بوو و نابێت دووبارە بێتەوە”.
باسی لەوەشکرد، ئەو بابەتە خەڵکی بێ هیوا کردووە، ئەگەر خێزانێک منداڵی ونبووشیان هەبێت، ناوێرن داوای منداڵەکانیان بکەن، بەهۆی ئەو هەڵەیەی کە لە رابردوودا کراوە.
بەهۆی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، 212 کەیسی بێسەروشوێن بوون تۆمار کراون کە لەو ژمارەیە 118ـیان کەیسی ونبوونی منداڵانە، لە رابردووشدا چەند کەیسێکی گەڕانەوەی ئەو منداڵانە هەبوون، بەڵام تەنها دوو لەو کەیسانە بە تەواوی یەکلاکرانەوە و گەڕانەوە لای خێزانەکانیان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری