"هەرکەس گوناحی زۆرە ئاو بە خەڵک بدات"

سەیری هەرلایەک دەکەیت تەرمۆزەیە و ئاوی سارد دانراوە

964+

ئاکام غەفور – سۆران

هەر هاوین هاتەوە، بەشێک لە دوکاندارانی ناوبازاڕی شاری سۆران، تەرمۆزەی ئاوی سارد لە پێش دوکانەکانیان دادەنێن، بەمەش هەم خێری خۆیان دەکەن، هەمیش هاوکاری ئەو کەسانە دەکەن کە تینو دەبن.

تەنیا لەناوبازاڕ، زیاتر لە 30 شوێن تەرمۆزە ئاوەکەیان داناوە.

کورد بەوە ناسراوە، هەموو کات گیانی هاوکاری هەیە،  هاوکاری کردنی یەکتر وەک فەرز و شانازی دەبینن، هەر چەندە رەنگە تەرمۆزیەک ئاو شتێ گەورە نەبێت، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، کەسێک کە هەر ئەوەندەی لە توانا بێت، ئەوە هاوکارییەکی گەورەیە.

مام عامر رۆستایی، دوکاندارە لە بازاڕی سۆران بە 964ـی وت، لە کۆنەوە هەر لێرە کاسبیم کردووە، 10 ساڵە لە پێش دوکانەکەم تەرمۆزەی ئاوم داناوە بۆ خێری خۆم و هاوکاری ئەو کەسانەی تینو دەبن.

وەک باسی دەکات، ئەمە گیانی هاوکاری و برایەتییە، زۆر کەس هەیە دەیانەوێت بەشداربن لە دابینکردنی ئەو تەرمۆزانە و ئاو و بەفر بۆی و تەمەناش دەکات، خەڵکی تریش ئەو کارە بکەن، دەڵێت، کارێکی ئاسانە و خێرێکی گەورەیە.

وەستا مەجید ئەحمەد، دوکاندارێکی ترە و دەڵێت، پێنج ساڵە ئەو تەرمۆزەم داناوە، رۆژانە ئاو و بەفری بۆ دێنین، خەڵکی تریش هەیە بە پارە بەشداری دەکات بۆ خێری خۆی.

عەبدوڵا موڕشید، کاسبکارێکی سۆرانە لە بارەی تەرمۆزەکان دەڵێت، پێغەمبەر دەفەرموێت، هەر کەسێک گوناحی زۆرە با ئاو بە خەڵک بدات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

بەرزەپردەکانی دەروازەی سۆران بەمنزیکانە بەڕووی شۆفێر...

بەرزەپردەکانی دەروازەی سۆران بەمنزیکانە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێنەوە