"رەشەبا هۆکارە بۆ تەشەنەسەندنی ئاگرەکان"

لە راپەڕین 170 دۆنم گەنم سووتا و لە دوکانیش ئاگر هەیە

964+

عەزیز عەبدوڵا – دوکان

کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەردەوامە و لە راپەڕین 170 دۆنم گەنم سووتا و لە دوکانیش ئاگرێک کەوتووەتەوە و تادێت زیاتر تەشەنە دەکات.

هەرچەندە نزیکەی مانگێکمان ماوە پێ بنێینە وەرزی هاوینەوە، بەڵام چەند رۆژێکە کەشەکە گەرمی کردووە و ئاگریش لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دەکەوێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین، کاتژمێر 4:40 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 24.5.2025  لە بناری حاجیلە نزیك مەعمەل غازی سەرکەپکان، ئاگریکی گەورە لە دەغڵ و دانی ھاوڵاتیان کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 107 دۆنم گەنم سووتاوە و 180 دۆنمی دیکەش لە سووتان رزگار کراوە.

هەر ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای سەرەکیی دوکان – سلێمانی لە نزیک گوندی تەلان ئاگر لە ژمارەیەک رەز و باخی دانیشتووانی ناوچەکە کەوتووەتەوە و تا ئێستاش کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دارستانی دوکان بە 964ـی وتی، “ئاگرەکە تادێت تەشەنە دەکات، لەبەرئەوی رەشەبایەکی بەهێز ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەرکی تیمەکانی ئێمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە قورستر بووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکە لە دەم چەمەکەوە کەوتووەتەوە و ساڵانە ئەم حاڵەتانە دوبارە دەبنەوە، بەقسەی ئەو سەرچاوەیە بەشێک لەخاوەن باخەکان بەمەبەستی پاککردنەوەی زەوییەکانیان ئاگردەکەنەوە و ئەوەش دەبێتەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە و رووداوی لەو شێوەیەی لێدەکەوێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی 964 لەئێستادا  ئاگرەکە بەرەو گوندی تەلان دەچێت و تا ئێستاش زیاتر لە 150 دۆنم زەی لە رەز و باخی هاوڵاتیان سووتاوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

ئاگرەكەی سنووری شەمامک 100 دۆنم دەغڵودانی سووتاند

ئاگرەكەی سنووری شەمامک 100 دۆنم دەغڵودانی سووتاند