سۆشیال میدیا نەیهێشت فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر بکرێت
قائیمقامی هەولێر رێگە بە “جوتیارە نمونەییەکەی هەڵەبجە” نادات
میدیازان – مەریەم ئەحمەد – هەولێر
بڕیاربوو لە ناوەڕاستی ئەم مانگە فێستیڤاڵێکی هەنار لە هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیەوە راگیرا، بە قسەی وەزارەتی کشتوکاڵ.
ئازاد هەڵەبجەیی، بە “جوتیارە نمونەییەکەی هەڵەبجە” ناسراوە، لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە لە هەفتەی رابردوو بەشداری نەکرد، داوای کردبوو لە هەولێر فێستیڤاڵێکی هەنار بکات لە رۆژی ١٧ی تشرینی دووەم.
ئێستا قائیمقامیەتی هەولێر وەڵامی داوەتەوە، رێگە بە فێستیڤاڵەکە نادەن، چونکە ساڵی رابردوو، “هەناری خراپ و وڵاتانی دیکەی بەشداری پێکردووە”.
هیوا عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵیش بە میدیازانی وت، هۆکاری راگرتنەکە کۆمێنتی هاوڵاتیانی هەولێرە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، کە گلەیی زۆریان هەبووە لەسەر فێستیڤاڵەکەی ساڵی رابردوو.
میدیازان قسەی کرد لەگەڵ ئازاد هەڵەبجەیی، “ئەو هەنارەی من بەرهەمی دەهێنم ئێستا لە بازاڕەكان نرخی دوو هەزار دینارە، بەڵام لە فێستیڤاڵەکە نرخی كەمدەبێتەوە بۆ هەزار دینار، کەچی دەڵێن ‘هەنارەكەی تۆ گەنیوە’ و فێستیڤاڵت بۆ ناکەین”.
بەوتەی ئازاد هەڵەبجەیی، پێشتر پارێزگای هەولێر رازی بووە، بەڵام قائیمقامیەت هەڵیوەشاندووەتەوە.
بەڵام نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند، پێشتریش پارێزگا رەزامەندی نەداوە، “ئێمە داوامان کردووە ئەو بەرهەمانەی نیشاندەدرێن لێی دڵنیاببینەوە کە ئایا خۆماڵین یان نا؟ چونکە ئەو جوتیارە (ئازاد هەڵەبجەیی) خەڵکی دەرەوەی پارێزگای هەولێرە”.
هەروەها وتی، رۆژی ١٧ی تشرینی دووەم کاتێکی درەنگە بۆ فێستیڤاڵ، “لەو کاتەدا هەناری خۆماڵی نامێنێت”.
بەپێی پلانەکانی قائیمقامیەتی هەولێر، لە کۆتایی ئەم مانگە، فێستیڤاڵێک بۆ سەرجەم بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکرێت لە هەولێر، بەڵام هێشتا رۆژەکەی دیارینەکراوە.