مونا قەهوەچی بۆ 964

توركمانەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستانن و مافەكانیان پارێزراوە

محەمەد فاتیح

پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بووە بە نموونەیەكی جوان و پێكهاتەی توركمانیش ئاواتەخوازە هەموو ناوچەكانی عێراق وەك هەرێم بن، ئەمە قسەی سەرۆكی حزبێكی توركمانییە لە هەولێر.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان بە 964ـی وت، “ئێمە پێكهاتەی رەسەن و دووەمین لە هەرێمی كوردستان و بەپێی یاسا بەركارەكان مافەكانمان پارێزراوە و دەتوانین بە شێوەیەكی ئاسایی مافەكانمان بەرجەستە بكەین”.

“هەمیشە وەك هاونیشتمانییەكی سەرەكی هەرێمی كوردستان مامەڵەمان لەگەڵ كراوە و هیوادارین سەرجەم ناوچەكانی دیكەی عێراقیش مافی سەرجەم پێكهاتەكان دابین بكەن و بیپارێزن، “مونا قەهوەچی واى وت.

ئەو دەشڵێت، “هەرێمی كوردستان بووەتە نموونەی پێكەوەژیان و جێگەیەكە بۆ حەوانەوەی تەواوی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاین و ئاینزاكان و هیوادارین هەمیشە كوردستان بەهێز بمێنێتەوە”.