دیمهنێكی سهنتهرى قهزاى حاجیاوا... وێنه: سۆشیاڵ میدیاى رۆژانهى حاجیاوا
بۆ لێپێچینەوە لەو شۆفێرانەی خەڵک بێزار دەکەن
لە حاجیاوا لیژنەیەکی ئەمنی پێکهێندرا
964+
ژێوار خدر
لە حاجیاوا لیژنەیەکی ئەمنی پێکهێنراوە، بۆ لێپێچینەوە لە شۆفێری ئەو ماتۆرسکیل و ئۆتۆمبێلانەی خەڵک بێزار دەکەن، لیژنەکە نوسراوێکیشییان بڵاوکردووەتەوە وەک ئاگادارییەک بۆ ئەو شۆفێرانە و دەڵێن، لەمەودوا سەرپێچی بکەن رێکاری یاساییتان بەرامبەر دەگرینەبەر و هاوڵاتییانی حاجیاواش دەتوانن سکاڵا لە سەرپێچیکاران بکەن.
بڕیارەکە لەوەوە دراوە، کە ماوەیەکە بەشێک لە شۆفێری ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکانی قەزاکە، کە زۆربەیان مێرمنداڵن تیژڕەوەی دەکەن لە شەقام و کۆڵانەکان و سەرکێشی بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکانیانەوە دەکەن، ئەمەش جگە لەوەی رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە، بووەتە هۆی بێزار کردنی هاوڵاتییانیش.
ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا بە 964ـی وت، لیژنەکە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەرایەتی ناحیە، ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ، دوای ئەوەی هەستمان بە بەمەترسیەکانی ئەو دیاردەیە کرد، بە راوێژکردن لەگەڵ دادگای لێکۆڵینەوەی حاجیاوا بڕیارماندا بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن و دەبنە هۆی بێزارکردنی خەڵکی.
وتیشی، ئەو ماتۆڕسکیلانەی دەنگی گزۆزیان بەرزکردووەتەوە و ژاوەژاو دروست دەکەن، لەسەرشەقام تایەی پێشەوەیان بەرزدەکەنەوە، کە ئەمەش مەترسی زۆری دروست کردووە بۆهاوڵاتییانی پیادە و ئۆتۆمبێلی سەرشەقامەکان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێشبڕکێ دەکەن لەسەرشەقامەکان و تیژڕەو دەڕۆن، هەموویان لەلایەن لیژنەکەمانەوە سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە و دواتر رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە، کە بەپێی یاساکانی هاتوچۆ سزا دەدرێن، جا بە پێبژاردن بێ یان دەستبەسەردا گرتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکان.
باسی لەوەشکرد، شەوانە مەفرەزەی تایبەتی پۆلیس و هاتوچۆ لەناو شار دەگەڕێن بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچێکاران، ئاگاداری هاوڵاتییانیشی کردەوە لە کاتی بینینی حاڵەتی سەرپێچی، دەتوانن لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی ئاسایشەوە لیژنەکە ئاگادار بکەنەوە و ئەگەر بەڵگەی یاساییان لەبەردەست بوو، سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە.