سەردانی لیژنەکە بۆ رێگای خێرای باشماخ - وێنە: رێگاوبانی پێنجوێن
رێگاوبان چوون و بینییان
پڕۆژەی رێگا خێراکەی باشماخ ئەوەی ماویەتی تەواو دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
لە مانگی یانزەی ساڵی رابردووە، کارکردن لە رێگای خێرای پێنجوێن وەستا، بڕیاربوو ئەو بەشەی رێگاکە، کە ماوەتەوە و قیرتاو نەکرابوو، تەواو بکرێت، بەڵام هەر ئەوکات دوای یەک رۆژ، کارکردن تێیدا وەستا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.5.2025، بەڕێوەبەری رێگاوبانی سلێمانی و لێپرسراوی بەشی تەکنیکی رێگاوبانی سلێمانی و ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان سەردانی رێگای خێرایی باشماخیان کرد، لەوێ بڕیار دراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارەکانی دەست پێبکاتەوە.
دلێر شوانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکار بە 964ی رایگەیاندبوو، بەهۆی بوونی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە ئامێری قیرەکەدا کارکردن راوەستاوە لە رێگاکەدا.
پڕۆژەکە 10 کیلۆمەترە، تەنیا پێویستی بە دوو مانگە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی پارە، بە گوێرەی ماوەکەیە بێت پێنج هێندە و نیو زیاتری لە کاتی خۆی خایاندووە.
لە بارەی پڕۆژەکەوە
رۆژی 16.2.2014 رێکەوتی دەستپێکردنی پڕۆژەی خێرای رێگای باشماخ بووە و ماوەی پڕۆژەکە 611 رۆژ بووە و ئێستاش سێ هەزار و 514 رۆژ بەسەر پڕۆژەکەدا تێپەڕیوە و ئێستا ئەو بەشەی کەماوەتەوە، ئینتەرچەینجێک و 210 مەتر رێگایە، کە تەنیا قیری رووپۆش ماوە تا کارەکانی تەواو ببێت.
پڕۆژەکە لە %80ی جێبەجێکراوە و %20ی ماوە و یەکێک لە کێشەکانی دیکەش ئەوەیە پێش تەواوبوونی، بارهەڵگری بەسەردا دەڕوات و ئەوەش کێشە بۆ رێگاکە دروست دەکات.
ئەو رێگایە بە 24 کاتژمێری رێگەی چوونی بارهەڵگر و گەشتیارە بۆ دەروازەی باشماخ، کە گەشتیار و کاڵای هەردوولای “کۆماری ئێران و هەرێمی کوردستان” لە رێگەوە دەگوازرێتەوە.