له‌ گوندێکی ناحیه‌ى پردێ

بەهۆی شۆرتی کارەبا نزیکەی پێنج دۆنم دەغڵودانی جوتیارێک سوتا


کاروان ساڵحی – کەرکوک

له‌ سنوورى ناحیه‌ى پردێ بەهۆی شۆرتی کارەباوه‌، نزیکەی پێنج دۆنم دەغڵودانی جوتیارێک سوتا، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت تیمێكی پێشمه‌رگه‌ زوو گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ نه‌یانهێشتووه‌ زیانه‌كانى ئه‌و سووتانه‌ بۆ جوتیاره‌كه‌ زیاتر بێت.
رووداوى سووتانه‌كه‌، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 21.5.2025 بەهۆی شۆرتی کارەبا له‌ گوندی چۆمەزەردەڵە له‌ سنوری ئه‌م ناحیەیه‌ روویداوه‌.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگە بە 964ـی وت، پێشمەرگەکانی فەوجی دووی لیوای سێ، كه‌ لەكاتى ئەرکی خۆیاندا بون و بینیویانە ستونێکی کارەبای ناو دەغڵەکە به‌هۆى شۆرته‌وه‌ ئاگری گرتوە، دەستبەجێ بە ئۆتۆمبێل و تانکەرەوە رۆیشتون ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردوە.
وتیشی “لە نێوان سێ بۆ پێنج دۆنم دەغڵودانی جوتیارێکی کورد سووتا، بەڵام خۆشبەختانە نەیانهێشت ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات، ئەگەرنا زیاتر لە 100 دۆنم بەرهەمی جوتیاران دەسوتا”.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن