مۆدێل نوێیە

یەکەم ئۆتۆمبێلی هایبرید لە سلێمانی کرا بە تاکسی

964+

ژووری هەواڵ

یەکەم ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ، کە بە سیستمی هایبرید و بەنزین کار دەکات، لە هاتوچۆی سلێمانی تۆمار کرا و مۆڵەتی پێدەدرێت وەک تاکسی سەرنشین بگوازێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21.5.2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەپێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە سێی ساڵی 2025، یەکەم ئوتومبێلی نوێی تاکسی لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، تۆمارکرا.

ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری “تۆیۆتا کرۆلای”ـیە و بە سیستمی هایبرید، واتا کارەبایی و بەنزین کار دەکات.

لە مانگی چواری ئەمساڵ، وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە تۆمارکردنی تاکسی نوێ بڕیاری دا و رێنمایی ژمارە 3ـی ساڵی 2025ـی تایبەت بە تۆمارکردنی تاکسی نوێ خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنیان وەک تاکسی دەبێت، لەوانە، ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنیا بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنیا بە غازی شل (LPG) کار دەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV)، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەک تاکسی بێ رسومات بۆ کراوە وەک هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و دۆستی ژینگە.

یەکەم تاکسی نوێ لە هەولێر تۆمار کرا

یەکەم تاکسی نوێ لە هەولێر تۆمار کرا