"مێژووکەیان بۆ زیاتر لە 140 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە"
ئەو ئێسک و پروسکانەی لە پڕۆژەی دووسایدی رۆڤیا دۆزرانەوە، هی دوو گۆڕن
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
ئەو ئێسک و پروسکانەی لە پڕۆژەی دووسایدی ناحیەی رۆڤیا دۆزرانەوە، هی دوو گۆڕن و مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە 140 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە.
دوێنێ لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی سەنتەری ناحیەی رۆڤیا لە پارێزگای دهۆک ئیسک و پروسکی مرۆڤ دۆزرایەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 20.5.2025 تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواریی ئاکرێ سەردانی شوێنەکەیان کرد و دڵنیابوونەوە لەوەی کە دوو گۆڕی تێدایە.
هیوا شەماڵ بەڕێوەبەری شوێنەواریی قەزای ئاکرێ بە 964ـی وت، “ئێوارەی دوێنێ ئاگادارکراینەوە لە دۆزینەوەی چەند ئێسک و پروسکێک لە پڕۆژەی دووسایدی ناحیەی رۆڤیا، ئەمڕۆ تیمێک پێکهێنرا و سەردانی شوێنەکەیان کرد، بۆیان دەرکەوتووە کە دوو گۆڕ هەڵکەندراون”.
وتیشی، ئێسک و پروسکی ئەو دوو گۆڕە گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری قەزای ئاکرێ، لەلایەن تیمێکی ئیتاڵی لێکۆڵینەوە و پشکنینیان بۆ دەکرێت بۆ زانینی مێژووی ئەو دوو گۆڕە، پێشبینیش دەکەن مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە 140 ساڵ پێش ئێستا بگەڕێتەوە.
هاوکات مەنهەل موەفەق بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا بە 964ـی وت، تەنیا دوێنێ کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی ناحیەی رۆڤیا وەستا و ئەمڕۆ کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردووەتەوە.
ناحیەی رۆڤیا دەکەوێتە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری