دوو هاوسەر دوعا بۆ 964 دەكەن
هەشت ساڵ بوو چاوەڕێی حەج بوون و ئاواتەكەیان هاتەدی
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
ژن و پیاوێكی شاری سلێمانی بە دڵی خۆش و دەست بە دوعاوە بەرەو بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو ماڵی خوا بەڕێدەكەون، دەشڵێن دوعا بۆ هەموو موسڵمانان دەكەن، چونكە دوای هەشت ساڵ چاوەڕوانییەكەیان كۆتایی هات.
نامیقی حەمە عەبدوڵا و لەیلا كەریم هاوسەری یەكترن و ئەمڕۆ بەرەو سعودیە بەڕێكەوتن بۆ ئەنجامدانی حەج، ئەوان بۆ 964 قسەیان كرد و سوپاسی كەسوكار و خزمەكانیان كرد، كە هاوكاریان بوون و لەگەڵیان بوون.
حاجی لەیلا دەڵێت، منداڵیان نییە و لەگەڵ هاوسەرەكەی بەیەكەوە حەج دەكەن.
حاجی نامیقیش داوای كرد گەنجەكان لەسەر تاقەت و هێزی خۆیانەوە بچن بۆ حەج، چونكە ئیشەكە ئاسانتر دەبێت و بۆ كەسانی بەتەمەن ئەركەكان قورسترن.
ئەوان هەشت ساڵ بوو چاوەڕێبوون ناویان دەربچێت و ئێستا دڵخۆشن بەرەو ماڵی خوا دەچن.
هەردوو هاوسەر بەڵێنیان دا دوعا بۆ پەیامنێری 964 بكەن لە سینگڵی رزگاری بێ و بیكات بە بەتانی دوونەفەری، دوعا بۆ تۆڕی 964یش بكەن بەرەو سەركەوتنی زیاتر هەنگاو بنێت. هەروەها بەڵێنیان دا دوعای خێر بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و موسڵمانان بكەن.
ئەمڕۆ گەشتی حاجیانی كوردستان بە فڕۆكە لە سلێمانی و هەولێر بەرەو بۆ حەج و ماڵی خوا دەستیپێكرد و تا 28ی مانگ گەشتەكان بەردەوام دەبن، كە زیاتر لە سێ هەزار حاجی بە فڕۆكە گەشتەكانیان ئەنجام دەدەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا