كێیە و لە كوێ هاتووە؟

یەكەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار كرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە هەولێر یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کرا، كە هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری موسڵە و لە شاری هەولێر حاڵەتەكەی تۆمار كراوە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 18.5.2025 رایگەیاند، حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا ئەویش ژنێكی دانیشتووی (بعاج)ی سەر بە پارێزگای موسڵە و تەمەن 27 ساڵە و ژنی ماڵەوەیە.

ئاماژەیان بەوەش كردووە، دوای بوونی نیشانەکانی، ژنەكە روو لە شاری هەولێر دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، بەهۆی بوونی نیشانەکان و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی بۆ ئەو ژنە گیراوەتەبەر، ئێستاش لە شاری هەولێر لە ژێر چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین و جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێرتەرنەری ئاگاداربکەنەوە، یان هاوڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.

“تا ئێستا دوای بوونی چەندین حالەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەماوەی مانگی ڕابردوو، دەرەنجام تەنیا دوو حاڵەت دەستنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە، کە بەداخەوە حاڵەتێکیان لە شاری دهۆک بوو کە هەفتەی رابردوو لەبەر قورسیی باری تەندروستی، گیانی لەدەست دا و حاڵەتی دووەمیش بە تەواوی چاکبووەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە، لەگەڵ حاڵەتێکی ئەمڕۆی شاری موسڵ کە ئێستا لە هەولێر چارەسەر وەردەگرێت”، لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمدا وا هاتووە.