بۆ ئەوەى لە ئاگرکەوتنەوە پارێزراوبن

هۆشدارى بەخاوەن دەڕاسەو کاکوتەکان دەدرێت

964+

وریا فەتاح

لەئێستاوە بەرگرى شارستانى خۆى بۆ وەرزى دروێنە ئامادە کردووە و مەرج و رێنمایى توند بۆ کارى دەڕاسەکان و کاکوتەکان دیارى دەکات.

بەرگرى شارستانى بنکەى ژاراوە، بەمەبەستی رێگری کردن لە رووداوی ئاگر کەوتنەوە و پاراستنی بەرهەمە کشوکاڵییەکان داوا لە هاوڵاتیانی دەکات هەر دەڕاسەیەک یان دەزگایەکی کاکوتیان بینی رێنماییەکانی بەرگری شارستانی جێبەجێ نەکردبوو یان تانکی ئاویان لەگەڵدانەبوو بەزووترین کات بنکەکەیان ئاگادار بکاتەوە.

هاوڵاتیان لە کاتى بوونى ئەو سەرپێچیانەدا دەتوانن لە رێگەى ژمارە مۆبایلى 07721541873، بنکەى بەرگرى شارستانى ژاراوە ئاگادار بکەنەوە.

لاى خۆیەوە، عەلى قادر وتەبێژى بەرگرى شارستانى راپەڕین بە 964ـى وت،”کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو خاوەن دەڕاسە و کاکوتەکان دەکەین و رێنماییەکانیان پێدەڵێین کە دوو رێنمایى سەرەکین، یەکەم پێویستە هەموو خاوەن دەراسەیەک تەنکەرى ئاو و ئامێرى ئاگرکوژێنەوەى پێبێت، دووەم کاکوتەکان تا تەواوبوونى وەرزى دروێنە دەست بە کوتانى کا نەکەن”.

جەختیش دەکاتەوە، هەرلایەک پابەند نەبێت رووبەڕووى لێپێچینەوەى یاسایى دەکەنەوە.

لە هەفتەى داهاتووەوە وەرزى دروێنە لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین دەستپێدەکات و دەڕاسەکان بە چەند رۆژێکى کەم تەواوى گەنم و جۆى سنوورەکە دەدرونەوە.

"ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە کوردستان کەم دەبێت"