لیژنەیەکی پۆلیس و قایمقامیەت پشکنیان بۆ کوشتارگەی هەڵەبجە کرد - وێنە؛ قایمقامیەتی هەڵەبجە
"بڕیارە کوشتارگەیەکی تازە دروست بکرێت"
کوشتارگەی هەڵەبجە لە نیوەشەودا بەسەرکرایەوە و کەموکوڕییەکانی دەستنیشان کرا
964+
شۆڕش قادری
درەنگانی شەو رابردوو لیژنەیەکی پۆلیس و قایمقامیەتی هەڵەبجە دەرگای کوشتارگەی شارەکەیان کردەوە و کەموکوڕییەکانیان دیاریکرد، بڕیارە چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزنەوە، تا کوشتارگەیەکی نوێ و بێ کێشە دروست دەکرێت.
فەلاح نامیق سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “کاتژمێر 12ـی شەوی رابردوو، بە هاوبەشی پۆلیسی 104 سەردانی کوشتارگەی هەڵەبجەمان کرد و لە سەردانەکەدا رێنمایی تەندروستی و ڤێتەرنەری پێشکەش کرا و چەند کەموکوڕییەک دەستنیشان کران”.
“یەکێک لە کەموکوڕییەکان نەبوونی بەڕادی گەورەیە و دەبێ بۆی دابین بکرێت”، فەلاح نامیق وای وت.
لە داهاتوودا کوشتارگەیەکی نوێ لە دەرەوەی شاری هەڵەبجە و لە نزیک گوندی گوڵپ دروست دەکرێت
ئاشکراشیکرد، بڕیارە لە داهاتوودا کوشتارگەیەکی نوێ لە دەرەوەی شار و لە نزیک گوندی گوڵپ دروست بکرێت، بەڵام تا ئەو کاتە، بڕیاردراوە بەهاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەڵەبجە، چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کەموکوڕیانەی ئێستای کوشتارەگەکە بدۆزرێتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەیان لە نیوەشەوەدا، فەلاح نامیق وتی، “بەپێی یاسا، دوای بانگی عیشا و لەکاتێدا هەوا فێنک دەبێت، لە کوشتارگەکە ئاژەڵ سەردەبڕدرێت و تا کاتژمێر 3ـی بەرەبەیان کاری تێدا دەکرێت، بۆیە لە کاتژمێر 12ـی شەو و لە جەنگەی کاردا، سەردانی شوێنەکەمان کرد”.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە سوپاسی پۆلیسی 104ـیشی کرد کە بە قسەی خۆی، هەمیشە هاوکاریان بوون و لەخەمی تەندروستی وهێمنی و سەلامتی هاوڵاتیانی شاردان.