هۆكار چییە؟

قوتابخانەکانی سابیس ھەڵدەوەشێنەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

قوتابخانەکانی سابیس لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی داھاتووەوە بەردەوام نابن و وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە دەکات.

لە ساڵی 2008ەوە، یەکەم قوتابخانەی سابیس لە ھەرێمی کوردستان دامەزراوە، حەوت قوتابخانەیان لە شارە جیاوازەکان ھەیە.

سرور سیروان، بەڕێوەبەری قوتابخانە نێودەوڵەتییە حکومییەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە 964ى وت، “کۆتایی ئەمساڵی خوێندن، کۆمپانیای سابیس گرێبەستەکەی تەواو دەبێت، وەزارەتی پەروەردەش گرێبەستیان لەگەڵ تازە ناکاتەوە و ئەو قوتابخانانە دەدرێن بە کۆمپانیایەکی دیکە”.

“کۆمپانیای سابیس ئامادەنەبوون قۆناغی ئامادەیی بکەنەوە، ھەروەھا تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتییان بە قوتابییەکان نەدەکرد و مامۆستای بیانییان نەدەھێنا، لەگەڵ کۆمەڵێک ھۆکاری دیکە، كە بووە ھۆی ئەوەی وەزارەتمان گرێبەست لەگەڵ سابیس نوێ نەکاتەوە”، سرور سیروان وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد،”ئەو قوتابخانانە وەک خۆیان بەردەوام دەبن، نادرێن بە کۆمپانیای دیکە و وەزارەت خۆی سەرپەرشتییان دەكات، تەنیا پرسی بەنێودەوڵەتیبوونەكەی دەدرێت بە كۆمپانیایەك تا سەرپەرشتیی بكات”.

هەروەها دەڵێت، لە ساڵی نوێوە ئەو حەوت قوتابخانەیە دەبەنە ئاستێکی نێودەوڵەتی و ساڵانە تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی بە قوتابیان دەکرێت و مامۆستای بیانی بۆ دەھێنرێت، مامۆستایانی قوتابخانەکانیش ئەم ھاوینە خولیان بۆ دەکرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو قوتابییانەی بەهۆی نەبوونی قۆناغی ئامادەیی رۆیشتبوونە قوتابخانەی دیكەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە”.

سرور سیروان وتیشی، “قوتابخانەکان بەھەمان شێوەی پێشوو بێ بەرامبەر قوتابی وەردەگرن بە شێوەی تیروپشک لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە منداڵ وەردەگرن “.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

گەنجێکی کەلاری داھێنانێکی بۆ شۆفێری بارھەڵگرەکان کردو...

گەنجێکی کەلاری داھێنانێکی بۆ شۆفێری بارھەڵگرەکان کردووە