محەمەد عەباسی هونەرمەند کۆچی دوایی کرد
964+
توانا نەقی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هونەرمەندی ناوداری کورد محەمەد عەباس بارام لە نەخۆشخانە و لە وڵاتی ئوردن کۆچی دوایی کرد.
محەمەد عەباسی هونەرمەند خەڵکی کەرکوکە و لە سەرەتای حەفتاکان پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردووە و خاوەنی چەندئن بەرهەمی گۆرانی بەناوبانگە لەوانە ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش و توڕەمەبە.
ماوەی دوو ساڵ دەبێت محەمەد عەباس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووبو، پار ساڵیش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی “شێرپەنجەم تێپەڕاندووە و تەندروستیم جێگیرە، هۆکاری کەمی بەرهەمیشم بڕی تێچوونی زۆرە و دەنا 1800 ئاواز و گۆرانی نوێم ئامادەیە”.
محەمەد عەباس بارام لە ساڵی 1952 لە گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵای کەرکووک لەدایک بووە، تا ئێستە نێزیکەی 30 گۆرانیی تۆمارکراوی هەیە، لە چەندان ئاهەنگ و فێستیڤاڵی هونەریی کوردی لە دەرەوەی کوردستان بەشداریی کردووە، لەڕووی موزیکەوە پیانۆژەنێکی بەتوان بوو و لە گۆرانیشدا بەبەرجەستەکردنی ستایلی ڕۆئاوایی لە شێوازی کوردی ناسراوە.