هەولێر

بە هەزاران تایەی ئۆتۆمبێل و باتری و وایەر و كێبل سووتێندران

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

درەنگانی شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 14.5.2025، لە گوندی یەدی قزلەری سەر بە ناحیەی شەمامك، بە هەزاران تایە و باتری و وایەری كارەبا و قوتووی بەتاڵ سووتێنران، كە ئاگر و دووكەڵێكی چڕ و پیسی هەبوو، بەرگریی شارستانیی هەولێر و دیبەگەش بە 11 تیم خەریكی كوژاندنەوەی بوون.

پەیامنێری 964 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێشتا خۆر هەڵنەهاتبوو، دیمەنەكانی ئاگرەكەی وێنە گرتووە و لە نزیك ئاگرەكە بوو، كە کۆگایەكی کراوەی پلاستيك و پاشماوەی زبڵ و خاشاك و کۆنە ئاسنە.

وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر شاخەوان سەعید، ئەم بەیانییە بۆ 964 وتی، ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە، بەڵام بەهۆی گەورەیی ئاگرەكە، لە قۆناغی ساردكردنەوەداین و راپۆرتی تایبەت دەنووسین.

هاوكات دڵشاد حوسێن هیرانی بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بۆ 964 وتی، بە هەموو شێوەیەك لێكۆڵینەوە دەكەین هاوشانی بەرگریی شارستانی، هەر كەسێك بەبێ هۆ بەشدار بێت لە پیسكردنی ژینگە ئەوا رووبەرووی یاسای دەكەینەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست 964 كەوتووە، ئەو كەسانەی ئاگرەكەیان كردووەتەوە، مەبەستیان دەستكەوتنی سیمی ناو تایەكانە، بۆ ئەوەی بیفرۆشنەوە و سوودێكی ماددی لێوەربگرن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاگری تاوەرەکەی هەولێر کۆنترۆڵکرا و تەنیا دوکەڵ ماوە 

ئاگری تاوەرەکەی هەولێر کۆنترۆڵکرا و تەنیا دوکەڵ ماوە