مەرجیشیان هەیە
دوای 11 ساڵ یەکەم تاکسی تۆمارکرا
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
دوای ئەوەی 11 ساڵ بوو تۆمار کردنی تەکسی نوێ لە کوردستان وەستابوو، ئەمڕۆ یەکەم تەکسی نوێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
هێمن حەمەدەمین، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی وت، ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتێکی باشدا بوو، چونکە ئەو تەکسییانەی لە شەقام هەبوون، هیلاک بووبوون لە کار کردن، پێویست بوو رێگا بکرێتەوە بۆ تۆمار کردنی ئۆتۆمبێلی نوێتر.
وتیشی، بڕیارەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر دراوە، بەجۆرێکە کە هیچ کەسێک لێی زەرەرمەند نابێت و گۆڕینی تەکسی کارێکی ئارەزوومەندانەیە، ئەو کەسەی ئارەزووی هەیە ئۆتۆمبێلەکەی بگۆڕێت بە جۆرێکی نوێتر، ئەوا دەچێت ئۆتۆمبێلێک دەهێنێت جا ژمارە کاتی بێ یان تۆمارکراو، بەمەرجێک مۆدێلەکەی 2023 بێت، ژمارەی ئۆتۆمبێلە تەکسیەکە دەخاتە سەر ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە، ئۆتۆمبێلە نوێیەکە دەبێت بە تەکسی.
روونیشیکردەوە، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە پێشتر تەکسی بووە، رەنگی بە خواستی کەسەکە دەگۆڕێت و دەکرێتەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت، دواییش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە تابلۆیەک بەخۆڕایی وەردەگرێت.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە زۆر کۆن بێت و لە پشکنین دەرنەچێت، بڕیاری لەسەر دەدرێت هەڵبوەشێتەوە و رێگەی نادرێت بێتەوە سەر شەقام.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر