38 رۆژە ئاڤێستا نەدۆزراوەتەوە
بەرگری شارستانی سۆران بەدوای سێ تەرمدا دەگەڕێت
964+
ئاکام غەفور-سۆران
38 رۆژ بەسەر خنکانی ئاڤێستا یوسف تێپەڕیوە، تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوایدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەدوای دوو تەرمی تردا دەگەڕێن لە رووباری تەنگاتور.
ئاڤێستا هەر وەک خۆی بێ سۆراغە و دوو تەرمەکەی تریش، یەکێکیان لە ناوچەی گەڤەری باکوری کوردستان خنکاوە، لەگەڵ ژنێک کە لە شیلادزێ بێ سۆراغە، گومان دەکرێت ئاو تەرمەکانی گەیاندبێتە سنووری مێرگەسۆر.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت،” مانگێک و هەشت رۆژ بەسەر خنکانی ئاڤێستا تێپەڕیوە، هەرچەندە بەپێی یاساکان مانگێک گەڕانی بەردەوام دەکرێت، بەڵام تاکو سێ مانگ گەڕانی رۆژانەمان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوام دەبێت بە تیمی کەمتر لە چاو مانگی یەکەم”.
وتیشی، دوو حاڵەتی تر هەیە کە ئێمە چاودێری رووبارەکانی سنووری مێرگەسۆری بۆ دەکەین، یەکێک گەنجێکە لە ناوچەی گەڤەڕ رۆژی شەممە خنکاوە، ئێمە لە گەلی باڵندە لەگەڵ تیمەکانی شیلادزێ گەڕانی چڕی بۆ دەکەین، لەگەڵ ئەوەش زانیاری ئەوەمان پێدراوە کە ژنێکی 45 ساڵ لە دێرەلوک خنکاوە، تەرمەکەی گەیشتبێتە ئەو سنوورە.
وەک میراودەلی باسی دەکات، ئەوان رۆژانە گەڕانی خۆیان دەکەن و بە ئومێدی ئەوەی تەرمەکان بدۆزرێنەوە، رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح