پێکهاتەکانی کەرکوک دژی بڕیارێکی پارێزگا هاواریان لێهەڵسا

964+

كاروان سـتـار -کەرکوک

نوێنەری سێ پێکهاتەی کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق، دژی بڕیارێکی پارێزگای کەرکوک لەبەرامبەر بەزۆرەملێ دانانی قایمقامی داقوق  واژۆیان کۆکردوەتەوە.

پەرلەمانتارانی سێ پێکهاتەکەی کەرکوک حەوت ئەندامی هەریەکە لە كورد، توركمان و كریستیانن، دەقی نوسراوەکەیان داوەتە شاخەوان عەبدوڵلای جێگری پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی لەرێگای ئەوەوە بەدەستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بگات، نوسراوەکە رێکەوتی 2023.2.9 لەسەرە.

لە نوسراوەکەی ئەو حەوت ئەندامەی پارلەمان، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دانانی قایمقامی داقوق دەکەن، بیانویان ئەوەیە کە بەبێ راوێژی ئەوان دانراوە.

دیلان غەفور، نوێنەری كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە تۆڕی 964ی وت “دانیشتوانی قەزای داقوق، ناڕەزایەتیان لە دژی دانانی قائیمقامی قەزاکەیان گەیاندە ئێمە،لە دانانی پرس بە هیچ یەک لە پێکهاتەکانی ئەو قەزایە نەکراوە، هاوسەنگی بەپێی پۆستەکان رەچاو نەکراوە”.

ئەو ئەندام پەرلەمانە ئەوەشی گوت “داوامان لە سەرۆک وەزیران ئەوەیە بڕیاری دانانی ئەو قایمقامە هەڵوەشێنێتەوە”.

تۆڕی 964 زانیویەتی پارێزگای کەرکوک تاكو ئێستا دوو كەسی دیكەی لە نەتەوەی عەرەب بۆ ئەو پۆستە كاندید کردوە، بۆتە هۆی توڕەیی كوردو توركمانی قەزاكە.

قەزای داقوق، دەکەوێتە باکوری پارێزگای کەرکوک، زۆربەی دانیشتوانەکەی کورد و تورکمانن.

پێداچونەوەی: فەهمی نەبی