یەکشەممەی داهاتوو دەچنەوە بەغدا

شاندەکەی هەرێم بێ هیچ رێککەوتنێک گەڕایەوە

+964
فەهمی نەبی

دوای دوو رۆژ مانەوە لە بەغدا و سێ کۆبوونەوە، شاندەکەی هەرێم بێ گەیشتنە رێککەوتن گەڕانەوە هەولێر.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 13.2.2023، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەڕایەوە هەولێر، وتەبێژی حکومەتی هەرێمیش دەڵێ: لەدوو رۆژدا سێ کۆبوونەوەیان کردووە.

ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو، شاندەکە گەیشتە بەغدا و بۆ بەیانییەکەی لەگەڵ بریکاری وەزارتی وەزارەتی نەوت کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر پرسی یاسای نەوت کرد، لەکۆبوونەوەی دووەمدا لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێی دارشتنی یاسای بودجەی 2023ـیان کردووە، هەرچی کۆبوونەوەی سێیەمە کە ئەمڕۆ ئەنجامدراوە لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوریەکانی عێراق بووە.

وتەبێژەکەی حکومەت دەرئەنجامی کۆبونەوەکەی لە سێ رستە دەربڕی بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وشەی رێککەوتن بکات و دەڵێت “کۆبونەوەکان ئەرێنی بوون، لێکگەیشتنی باش هەبوون، بڕیاردرا کۆبونەوەکان بەردەوام بن”.

بەگوتەی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بێت، وادەیان لەگەڵ وەفدی حکومەتی عێراق رۆژی یەکشەممەی داهاتووە، لەکۆبونەوەکەی ئەمجارە تەنیا پێشنیازەکانی هەرێمیان داوەتە بەغدا.

لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە 25ی کانونی دووەمی رابردوو، بۆ یەکەمجارە شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا.