عەدنان درجال و محەمەد فەرحان
دوێنێ قسەی پێگوت
دەستلەكاركێشانەوەی ئەمینداری فیدراسیۆنی تۆپی پێی رەتكرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، سەرۆكی فیدراسیۆنەكە عەدنان درجال دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد فەرحان ئەمینداریی گشتیی فیدراسیۆنەكەی رەتكردەوە.
ئەحمەد موسەوی، ئەمڕۆ یەكشەممە بە 964ی راگەیاند، ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق محەمەد فەرحان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردووە دوای کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دوێنێ فیدراسیۆنەكە، كە بۆ راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق رێكخرا، تێیدا عەدنان درجال بە دەنگێكی بەرز قسەی بە ئەمیندار وت، چونكە لە بەردەم مایكی میدیاكان و لە كاتی قسەكردنی سەرۆكی فیدراسیۆندا، وەڵامی تەلەفۆنی دایەوە.
موسەوی دووپاتیكردەوە، دەستلەکارکێشانەوەی فەرحان لە فیدراسیۆنەكە لەلایەن عەدنان درجالەوە رەتکرایەوە.
دوێنێ ئێوارە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا بەڕێوەچوو، تێیدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی، وەك راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق راگەیاند.