"نابێت ستوونی کارەبا ریکلامی پێوە هەڵبواسرێت

کارەبای سلێمانی تابلۆی ریکلامە بازرگانییەکان کۆدەکاتەوە

964+

ژێوار خدر

دوو رۆژە بەڕێوەبەرایەتيی کارەبای سلێمانی قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ کۆکردنەوەی ئەو ریکلامە بازرگانیانەی بە ستوونەکانی کارەباوە هەڵواسراون.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ـی وت، ئێمە ساڵانە  لەم جۆرە هەڵمەتانە ئەنجام دەدەین، ئەمساڵیش لە دوێنێ شەممە 10.5.2025ەوە هەڵمەتەکەمان دەستپێکردووە، هەموو ئەو تابلۆیانە لێدەکەینەوە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی بە ستوونەکانی کارەباوە هەڵواسراون.

وتیشی، ئەو ستوونانە بۆ ئەوە دانەندراون ریکلامی بازرگانییان پێوە هەڵبواسرێت، چونکە زیانی گەورە دەگەیەنن بە تۆڕەکانی کارەبا، بەهۆی ئەوەی بە لەحیم دادەنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سووتان و دروستکردنی خاڵی ژەنگاوی لەسەر ستوونەکان و جگە لەوەش لە کاتی رەشەبادا دەبێتە هۆی جوڵاندنی زیاتریان و زیان بە تۆڕەکان دەگەیەنێت.

روونیشیکردەوە، هەڵمەتەکەیان لەگەڵ شارەوانیی سلێمانی ئەنجام داوە و ئێستاش هۆبەکای دابەشکردنی کارەبای رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی و هۆبەکانی چاککردنەوە سەرقاڵی لێکردنەوەی ئەو ریکلامە بازگانیانەن و لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوامی دەبێت.

کارەبای سلێمانی تابلۆی دوکانەکان بە ستونەکانی کارەباو...

کارەبای سلێمانی تابلۆی دوکانەکان بە ستونەکانی کارەباوە ناهێڵێت