وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی کرد
لە بەغدا هەرکەس خۆپیشاندان بکات دەستگیر دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
لە بەغدا لوتکەی عەرەبی گرێ دەدرێ و وا نزیکە لە ئەنجامدان، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەیەوێ بیری خەڵک بخاتەوە ماوەیەکی زۆرە بۆ ئەمنیەتی ئەو لوتکەیە هێزەکانیان رێکاری ئەمنیان گرتووەتەبەر، بۆیە قەدەغەی کرد مۆڵەت بە هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک بدات، چونکە دەستگیرکردنی لە دوایە.
رۆژی 17.5.2025، لوتکەی عەرەبی لە بەغدا گرێ دەدرێ، وڵاتانی عەرەبی و لەنێویاندا سوریا بەشدار دەبن، چاوی ئەمنی لەسەر هاتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری راگوزەری سوریایە، کە گروپ و قەوارەی سیاسی هەن، داوای دەستگیرکردنی دەکەن یان ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە دژی هاتنەکەی.
ئەمڕۆ شەممە 10.5.2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە یەکەم ساتەوەختەوە کە وادەی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا راگەیەندرا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەنگاوەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی ئەم رووداوە گرنگە دەستپێکردووە، کە لە هەموو روویەکەوە وێنەی راستەقینەی ئەم وڵاتە بەخشندەیە رەنگ دەداتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی لوتکەی عەرەبی، هێزە ئەمنییەکان زیاتر سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ سەرکەوتنی چالاکییەکەن، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، لەماوەی 11.5.2025 بۆ 20.5.2025، نابێ هیچ خۆپیشاندانێک رێکبخرێ و ئەوان مۆڵەت بە هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک لە بەغدای پایتەخت نادەن.
وەک خۆیان باسیان کردووە، بەبێ گوێدانە هۆکارەکان، جا بۆ خزمەتگوزاری بێت یان هەر داوایەکی تر. هیچ مۆڵەتێک بۆ خۆپیشاندان بەردەست نابێت و هەر هەوڵێک بۆ ئەو کارە پێشێلکردنی یاسا دەبێت، وە لەگەڵیدا رێنمایی دەرچووە بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک هەوڵی خۆپیشاندان بدات.
وەزارەتەکە خەمی ئەندامەکانی خۆیەتی و ئەوەشی روون کردوەتەوە، هێزە ئەمنییەکان رێکاری یاسایی پێویست دەگرنەبەر بەرامبەر هەر خۆپیشاندەرانێک کە هەوڵی سەرقاڵکردنی هێزە ئەمنییەکان بدات، لە کاتی ئەرکە راسپێردراوەکانیان.