هەڵکەندنى بیرى ئاو لە ناوچەیەکى عێراق
وشکەساڵى تینى هێناوە
لەمەودوا هەڵکەندنى بیرى ئاو پێویستى بە رەزامەندى وەزیرە
964+
وریا فەتاح
وشکەساڵى عێراقى ناچار بەوە کردووە، لەمەودوا بۆ هەڵکەندنى بیرى ئاو رەزامەندى وەزیرى سامانە ئاوییەکانى پێویست بێت، ئەوەش بە مەرج و رێکارى قورس.
د. خالید شەماڵ وتەبێژى وەزارەتى سامانەکانى ئاوییەکان لە لێدوانێکدا بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى وتووە،” لەبارەى ئاسایشى ئاو، ئەمڕۆ هەینى ئەنجومەنى باڵاى ئاو بە سەرۆکایەتى سەرۆکى حکومەت و ئامادەبوونى وەزیرى سامانە ئاوییەکان و ژمارەیەک لایەنى پەیوەندیدار، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنى ئاسایشى ئاو ئەنجام دراوە”.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بوون کە چۆن بتوانن ئاسایشى ئاو بەرز بکەنەوە.
وەک ئەوەى وتەبێژەکە باسى کردووە، وەزارەتەکەیان تەنیا کاتێک پەنا بۆ ئاوی ژێر زەوی دەبات کە زۆر پێویست بێت، بەتایبەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە لەو ناوچانەی کە ئاوی سەرزەوی زەحمەتە دەستەبەر بکرێت.
جەختیشى کردووەتەوە کە هەڵکەندنى بیر لەمەودوا پێویستى بە رەزامەندى وەزیرى سەرچاوەکانى ئاو هەیە، ئەوەش بە مەرجى ئەوەى بۆ خواردنەوە بێت و ئاوى سەرزەوى نەتوانێت ئەو پێویستییە پڕبکاتەوە.
عێراق یەکێکە لەو ناوچانەى بە توندى کاریگەرى گۆڕانى کەشوهەواو کەمبارانى لەسەر دەرکەوتووە، بەپێى لێدوانێکى پێشووى وەزیرى کشتوکاڵى عێراق، نزیکەى 50%ـى زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەرەو بەبیابانبوون رۆشتوون. یونسێفیش هۆشدارى دابوو کە ملیۆنان عێراقى لەبەردەم مەترسى دەستکەوتنى ئاوى خواردنەوەدان.