دیمەنی گردبونەوەیەكی کوردە فەیلیەکان لە خانەقین.وێنە:964
ئەندامانی لیژنەکە هەموویان فەیلین
پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ رەچاوکردنی داواکارییەکانی پێکهاتەی فەیلی
964+
محەمەد فاتیح
كوردانی فەیلی هاوشێوەی برا و خوشكەكانی تریان رووبەڕووی ستەمێكی زۆر و ماڵوێرانى و گرتن و ئەشكەنجەدان و كوشتن بوونەتەوە و بۆ گێڕانەوەی هەندێك لە مافەكانیان لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دابینكردنی شایستەكانیان لە دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق.
ئەمڕۆ هەینی 9.5.2025 تاریق مەندەلاوی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروباری کوردی فەیلی، پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتى راگەیاند بۆ دابینکردنی دادپەروەری بۆ کوردانی فەیلی لە دەزگای زیندانیانی سیاسی.
وتيشى، “بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و چاکسازی بۆ چینێك کە لە مێژە بەدەست پەراوێزخستنەوە دەناڵێنن، پێكهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ پێداچوونەوە بە فایلى کوردانی فەیلی لە دەزگای زیندانیانی سیاسی و پەسەندکردنی مافە رەواكانی زیندانیان و دەستبەسەرکراوان و ئاوارەکانی زۆرەملێ ڕادەگەیەنین”.
پرسی كورد
“پێکهێنانی لیژنەكە بۆ رەچاوکردنی داواکارییەکانی پێکهاتەی فەیلییە بەمەرجێک کە ئەندامانی لیژنەکە لە هەمان پێکهاتە بن، بەو پێیەی بە تەواوی ئاگاداری ئەو نادادپەروەرییە بن کە بە دەستی ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو تووشی بوون، هەروەها لیژنەکە تاوتوێی دووبارە چاوخشاندنەوە بە فایلەکانی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە پێشتر ڕەتکراونەتەوە” تاریق مەندەلاوی واى وت.
فەیلییەکانی عێراق بە شێوەیەکی کارا بەشدارییان لە شەڕی سەربەخۆیی کورددا کردووە و زۆرێکيان دەسەڵاتی باڵایان وەرگرتووە لە هەلارێمی كوردستان و لە ساڵی 1971 تا 1980 زیاتر لە 200 ھەزار کوردی فەیلی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە زێدی خۆیان دوورخرانەوە و رژێمی سەدام حسێن لە سەرەتای شەڕی 1980-1988 لەگەڵ ئێران دەیان ھەزار فەیلی کوشت و دەستبەسەر و دیپۆرتی کردن.