ئەو باڵکۆنەى پاپاى نوێ لێە دەردەکەوێت
Buona sera
کەمێکى تر لەو باڵکۆنەوە پاپاى نوێ خۆى پیشانى جیهان دەدات
964+
وریا فەتاح
دواى بەرزبوونەوەى دووکەڵە سپییەکە کە موژدانەى هەڵبژاردنى پاپاى نوێیە، خەڵک بە شەقامەکانی رۆمادا رادەکەن بۆ ئەوەی بگەنە گۆڕەپانی سانت پیتەر تا بەشداربن لە ساتێکى مێژوویى کە بینینى پاپاى نوێیە، دەیانەوێت راستەوخۆ ئەو ساتە ببینن و گوێیان لێبێت کە پاپا پێیان دەڵێت،”Buona sera”.
بەپێى دیمەنەکان بێت، وێڕاى خۆشحاڵیان، خەڵکى بە چاوى پڕفرمێسکەوە چاوەڕێى پاپاى نوێن.
باڵکۆنى بازلیکای سانت پیتەر، ئەو جێگەیەیە کە بەسەر گۆڕەپانى سانت پیتەردا دەڕوانێت و پاپاى نوێ دواى بڕینى رێوڕەسمەکان، دەچێتە ئەوێ و دەستى راستى بۆ ئەو کەسانە بەرز دەکاتەوە کە لە شەقامەکە چاویان لە باڵکۆنەکە بڕیوە و چاوەڕێى دەکەن.
ئەم باڵکۆنە ئەو شوێنەیە کە بۆ یەکەمجار پاپای نوێ دەبینین، هەربۆیە بەم زووانە پاپاى نوێ دەچێتە سەر باڵکۆنەکە و خۆى بە جیهان دەناسێنێت.
رێوڕەسمى هەر پاپایەک جیاوازە لەپێش خۆى، بۆنمونە لە 2013 کاتێک پاپا فرانسیس پێى نایە سەر باڵکۆنەکە بە جلێکى سپى سادە دەرکەوت و جیاوازتر لەوانەى پێشتر خۆى نیشاندا.
وا وردە وردە شەقامەکە پڕدەبێت لە هاوڵاتیان و چاوەڕێى ساتێکى مێژوویى دەکەن، دەیانەوێت ئەو سڵاوە سادەیە ببینن کە لە دەمى پاپاوە دێتە دەرەوە و بە ئیتاڵییەکى رەوان دەڵێت” Buona sera” واتا ئێوارەتان باش.