پاپاى نوێ چۆن هەڵدەبژێردرێت؟

کەى دووکەڵە سپییەکە لە ڤاتیکان بەرز دەبێتەوە؟

964+
وریا فەتاح

ئەو پاپایەى چوار ساڵ لەمەوبەر سەردانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد، ئەمڕۆ لە تەمەنى 88 ساڵیدا کۆچى دوایى کرد.

لەدواى کۆچى دوایى پاپا فرانسیس، پرسیارى سەرەکى ئەوەیە پاپای نوێ چۆن هەڵدەبژێردرێت و کەى دووکەڵە سپییەکە بەرز دەبێتەوە.

پاپا فرانسیس کە قەشەی رۆما و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی بووە، لە ساڵی 2013 دوای دەستلەکارکێشانەوەی بەنێدیکت شانزەهەمی پێش خۆی بووە پاپا.

دوا پەیامى پاپا دوێنێ بوو، کە لە رێوڕەسمی یەکشەممەی جەژنی هەستانەوە سڵاوی لە خەڵک کرد و پیرۆزبایی جەژنەکەی لە مەسیحیەکانی جیهان کرد.

ئێستا ڤاتیکان بێ پاپایە، پرسیارى سەرەکى ئەوەیە کێ جێگەى دەگرێتەوە و چۆن هەڵدەبژێردرێت؟

کاتێک پاپایەک دەمرێت یان دەست لەکار دەکێشێتەوە، حوکمڕانی کەنیسەی کاسۆلیکی دەگوازرێتەوە بۆ کۆلێژی کاردیناڵەکان، کاردیناڵەکان، قەشە و بەرپرسانی ڤاتیکانن لە هەموو جیهانەوە و لە دواى پاپا دووەم گەورەترین بەرپرسن لە ناو کەنیسەى کاسۆلیکى، ئەوانەن کە بە شێوەیەکی تایبەتى لەلایەن پاپاوە هەڵبژێردراون، ئەوان بە جلوبەرگی سووری جیاوازیان دەناسرێنەوە.

دوای بەتاڵبوونەوەی پۆستی پاپا، کاردیناڵەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ڤاتیکان ئەنجام دەدەن کە پێیان دەوترێت کۆبوونەوە گشتییەکان. باس لە پێداویستییەکان و ئەو تەحەددایانە دەکەن کە رووبەڕووی کەنیسەی کاسۆلیکی دەبێتەوە لە ئاستی جیهانیدا. هەروەها خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پاپای داهاتوو ئامادە دەکەن کە پێی دەوترێت کۆنکلەڤ.

هەڵبژاردنى پاپا یەکێکە لە هەڵبژاردنە قورس و ئاڵۆزەکان، ئەوە جگە لەوەى هەڵبژاردنەکە بەیەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانى مێژوو دادەنرێت، مێژووى یەکەم هەڵبژاردنى پاپاش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1268.

هەڵبژاردنى پاپا کارێک نییە بە سێنایى بکرێت، زۆرجار کاتێکى زۆرى دەوێت تا لەسەر پاپایەکى نوێ یەکدەنگى دروست دەبێت، لە رابردوودا هەبووە، بەهۆى ئەوەى کاردیناڵەکان نەیانتوانیوە بۆ ماوەی ساڵێک پاپاى نوێ هەڵببژێرن، ئەمەش ناڕەزایەتى لایەنگرانیانى لێکەوتووەتەوە، تەنانەت گەیشتووە بە دەرگا داخستن لێیان تا پاپایەکى نوێ هەڵدەبژێرن.

کاتێک دەچنە هەڵبژاردنەوە، رۆژانە چوار گەڕى دەنگدان ئەنجام دەدرێت تا کاندیدێک دەتوانێت دوو لەسەر سێى دەنگەکان دەباتەوە و دەبێتە کاندید.

هەڵبژاردنەکە لە رووى مافى دەنگدانەوە چەندین کۆت و بەند و مەرجى هەیە، جگە لەوەى تەنها کاردیناڵەکان دەتوانن دەنگ بدەن، لەوەشدا تەنیا کاردیناڵەکانى خوار تەمەنى 80 ساڵى ئەو مافەیان هەیە کە دەنگ بدەن.

ئەوە جگە لەوەى دەنگدان نهێنییە، لە هەمان کاتدا ئەنجامى دەنگدان بە بەرزى دەژمێردرێن و تۆمار دەکرێن.

کاتێک کاردیناڵێک دەنگی پێویستی دوو لەسەر سێی وەرگرت، راگری کۆلێژی کاردیناڵەکان لێی دەپرسێت ئایا هەڵبژاردنەکەی قبوڵ دەکەیت؟ ئەگەر قبوڵ بکات، ناوێکی پاپا بۆخۆى هەڵدەبژێرێت و پێش ئەوەى بچێتە سەر ئەو باڵکۆنەى کە پاپاکان دواى هەڵبژاردن بۆى دەچن، ئیتر دەنگەکانی خولی کۆتایی بە ماددە کیمیاییەکان دەسوتێنرێن کە دوکەڵی سپی بەرهەم دەهێنن بۆ ئەوەی ئاماژە بە هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ بۆ جیهان بکەن.

خۆ ئەگەر دووکەڵی رەش بەرزبووەوە ئەوا مانای ئەوەیە کە پاپا هەڵنەبژێردراوە و هەڵبژادنەکە بە ئەنجام نەگەیشتووە.

بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەى دووکەڵە  سپییەکە لەسەر بانى کەنیسە، پاپا دەچێتە گۆڕەپانى سانت پیتەر و ئیتر 1.4 ملیار شوێنکەوتە دەبن بە خاوەنى پاپا.

پاپاى ڤاتیکان بریندار بوو

پاپاى ڤاتیکان بریندار بوو