پێنج ملیار دۆلار دەگەڕێتەوە

عێراق بەرهەمی غاز زیاد دەكات و هاوردەكردنی بەنزینیش رادەگرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، وەبەرهێنانی عێراق لە غازی ناوخۆدا تا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە 70%، دووپاتیشی کردەوە توانای خۆبژێوییان لە نەوتی سپی بەدەستهێناوە، ئاشكراشی كرد لە کۆتایی ئەمساڵ هاوردەکردنی بەنزین رادەگرن.

حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانەكانی بۆ میدیا عێراقییەكان، كە 964 بینیویەتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەسڕە رایگەیاند، “رێژەی غاز کە لە ناوخۆوە وەبەرهێنرابوو لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی ئێستادا لە 53% تێنەدەپەڕاند، بەڵام ئێستا وەزارەت گەیشتووەتە رێژەی وەبەرهێنان بە رێژەی 68%، رێژەکەش تا کۆتایی ئەمساڵ بەرزدەبێتەوە بۆ 70%”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “وەزارەت پڕۆژەی ئومێدبەخشی هەیە بۆ 30%ی غازی وەبەرنەهێنراو”.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، “توانای هەڵگرتنی نەوتی سپی وەزارەت گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن مەتر سێجا، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا ئەم ڕێژەیە لە باشترین حاڵەتدا لە 200 مەتر سێجا تێنەپەڕیوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە وەزارەت توانیویەتی نزیکەی پێنج هێندەی نەوتی سپی هەڵبگرێت، ئەمەش زیادبوون لە بەرهەمهێنان و خۆبژێوی دروستکردووە، بەمەش هاوردەکردنی لە دەرەوەی وڵات کۆتایی هاتووە”.

وەزیری نەوت لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە کۆتایی ئەمساڵ هاوردەکردنی بەنزین رادەگرین، بەمەش دەوڵەت پێنج ملیار دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە، کە دەبوو بۆ هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە خەرج بکرێت.

بەنزینخانەی ئەندەلوس لە كەركوك دادەخرێت و ئەندەرپاس د...

بەنزینخانەی ئەندەلوس لە كەركوك دادەخرێت و ئەندەرپاس دروست دەكرێت