دوکانداران ناڕازین
زیادکردنى کرێى سەرقفڵانە گوزەرێکى مەزادخانەکەى سلێمانى دادەخات
964+
دیلان محەمەد
بەهۆى زیادکردنى کرێى سەرقفڵانە دوکانەکانیان، دوکاندارانى گوزەرێکى مەزادخانەکەى سلێمانى، دەڕابەکانیان دادایەوە دایانخست.
کێشەى ئەو دوکاندارانە ئەوەیە، سەرقفڵانەیان بەڕێژەى 400% لەسەریان زیادکراوە، پێشتر 50 هەزار دینارى مانگانە بووە و دواتر تا 160 هەزار بەرز بووەتەوە، بەڵام وەک دەڵێن، ئێستا بۆ 400 هەزار بەرز بووەتەوە.
رزگار حەمە عەلی، نوێنەری دوکاندارانی مەزادخانەکە بە 964ـى وت،” لەنیوەڕۆى ئەمڕۆوە دوکانەکانمان داخستووە، ئەوەش بەهۆی زیادکردنی کرێی سەرقفڵانەی دوکانەکانمان و لێسەندنەوەی سێ دوکان لەلایەن خاوەن موڵکەکەوە”.
باسی لەوەکرد، ماوەیەکی زۆرە خاوەن موڵک گرفتیان بۆ دروست دەکات و بەپێى رێکارە یاساییەکان ناجوڵێنەوە.
سەرقفلانە چییە؟
سەرقفڵانە بریتییە لەو بڕە پارەیەی کرێچییەک داوای دەکات لەبەرامبەر تەنازولکردنی لە مافى کرێچێتییەکەی بۆ کەسێکی تر تاکو ئەو کەسەی تر ببێتە کرێچی لەشوێنی ئەو.
لەڕووى یاساییەوە کرێچی کاتێک دەسەڵاتی سەندنی سەرقفڵانەی دەبێت کە:
1- یاسا رێگەی تەنازولکردنی لە کرێچییەکە نەگرتبێت.
2- خاوەنماڵ بەپێی یاسا نەتوانێت کرێچییەکە دەربکات و کرێچییەکە مافی ئەوەی هەبێت لە بەکرێدراوەکەدا بمێنێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح