پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەیەکی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەرکدا _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
"دەرچووەکان دابمەزرێنن"
پزیشکانی پلەبەندی سلێمان و هەڵەبجە دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەنتەری شارەکان
964+
ئەحمەد مستەفا
پزیشکانی پلەبەندی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە بەیانێکی هاوبەشدا دەڵێن، هەڕەشەیەکی جدی لەسەر فەوتان و بەفیڕۆچوونی ساڵێکی تەمەنیان و تێکچوونی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی لە ئارادایە.
ئەو پزیشکانە لە پلەبەندن لەسەر وەزارەتی تەندروستی و لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە ئەرکدان دەڵێن، بەپێی ئەو سیستمە پلەبەندییەی پزیشکی کە هەمانە دەبوایە دوای ساڵێک بگەڕاینایەتەوە نەخۆشخانەکانی ناو شار و دەرماڵەمان دووبارە بۆ ببەسترایەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 3.5.2025، ئەو پزیشکانە دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی پێویستە قەرەبووی ئەو ماوە زیادەیە بکرێتەوە کە “چوار مانگە” کە وەک پزیشکی پلەبەند لە بنکە تەندروستییەکان دەواممان کردووە، داواکارین لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی زیاتر لەمەی ئێستا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.
ئەوان داوا دەکەن، هەوڵی جدی بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو و پەلە بکرێت لە دامەزراندنی پزیشکانی دەرچووی ساڵی 2024ـی زانکۆکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەى مافى ئەوان و دانەمەزراوەکانیش نەفەوتێت، بە گەڕانەوەیان بۆ شار و ناردنی تازە دامەزراوەکان بۆ دەرەوەی شارەکان.