غەززە گۆڕستانى رۆژنامەنوسانە

75%ـى رۆژنامەنوسانى ئەمریکى ناتوانن بژێوى ژیان بەدەست بهێنن

964+

وریا فەتاح

رێکخراوى پەیامنێرانى بێسنوور لە نوێترین راپۆرتیدا کە لەبارەى دۆخى میدیا و رۆژنامەنوسانى جیهان بڵاوى کردووەتەوە، 2025ـى وەک ساڵێکى سەخت بۆ رۆژنامەنوسان وێنا کردووە، هەم لەرووى بەرتەسککردنەوەى ئازادییەکان و هەم لە رووى ئابورییەوە.

رێکخراوەکە هەڵسەنگاندنى بۆ 180 وڵات کردووە، دەریخستووە کە لە 2025دا، لە 160 وڵات دەزگاکانى راگەیاندن بە سەختى سەقامگیرى دارایى بەدەست دەهێنن، تەنانەت بەو هۆیەوە دەزگا هەواڵییەکان لە نزیکەى یەک لەسەرسێى وڵاتان دادەخرین، لەم رووەشەوە ئەمریکا و تونس و ئەرجەنتین، دەبیندرێن.

ئاشکراشى کردووە کە 34 وڵات کەوتوونەتەدۆخى بەکۆمەڵى داخستنى دەزگاکانى راگەیاندن لەوانە نیکاراگواى، بێلارووس، ئێران و میانمار و سودان و ئازربایجان و ئەفغانستان، بەڵام لەم وڵاتانەدا جگە لە فشارە ئابورییەکە، فشارە سیاسییەکەش هۆکارە.

ئەمریکا پێشەنگى خەمۆکى ئابوورى راگەیاندکارانە

لە ئەمەریکا بە تایبەت دواى هاتنى ترەمپ، دۆخى رۆژنامەوانى سەخت بووە بەتایبەت لەرووى ئابورییەوە، وەک ئەوەى لە راپۆرتى رێکخراوى پەیامنێرانى بێسنووردا هاتووە، زیاتر لە 60%ـى رۆژنامەنووسان و پسپۆڕانی میدیا لە ویلایەتەکانى ئەریزۆنا، فلۆریدا، نیڤادا و پێنسیلڤانیا راپرسییان لەسەر کراوە، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە “ئەستەمە وەک رۆژنامەنووسێک کرێی بژێوی ژیان بەدەستبهێنیت”.

بڕینى بودجەى کتوپڕى دەنگى ئەمەریکا و رادیۆى ئەوروپاى ئازد لەلایەن ترەمپەوە، جگە لە بێکاربوونى سەدان رۆژنامەنوس، زیاتر لە 400 ملیۆن هاوڵاتى لە سەرانسەرى جیهان لەناکاو بێبەشبوون لە دەستڕاگەیشتنیان بە زانیارییە متمانەپێکراوەکانى ئەم دەزگایانە،

فەلەستین گۆڕستانى رۆژنامەنوسانە

دۆخى فەلەستین لە رووى ئابوریى و مرۆییەوە بۆ رۆژنامەنوسان کارەساتبارە، سەرەڕاى سەختى دارایى وەک ئەوەى رێکخراوى پەیامنێرانى بێسنوور ئاشکراى کردووە، ئیسرائیل ژوورە هەواڵییەکانى وێران کردووە و نزیکەى 200 رۆژنامەنوسیان کوشتووە.

ئەمڕۆ 3ـى ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە لەسەرتاسەرى جیهان، بەو بۆنەیەوە رێکخراوى پەیامنێرانى بێسنوور راپۆرتێکی دوورو درێژی لەسەر بارودۆخی رۆژنامەنوسان و دەزگاکانى راگەیاندن لەسەرتاسەرى جیهاندا، بڵاوکردووەتەوە.

لەبارەى عێراقەوە باسلەوەکراوە، لە نێوان ناسەقامگیری سیاسی و فشاری داراییدا، رۆژنامەنووسان لە هەموو لایەکەوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.

دەشڵێت: دەوڵەوت لە پاراستنى رۆژنامەنوسان شکستى هێناوە.

بەپێى ریزبەندى رێکخراوەکەش، عێراق بۆ ئەمساڵ لە پلەى 155ـى وڵاتان دەبینرێت لەبارەى ئازادى رۆژنامەگەرییەوە، ئەوەش بەراورد بەپار جوڵەیەکى ئەرێنییە، چونکە ساڵى رابردوو عێراق لە ریزبەندى 169دا بووە، بەڵام ئەمساڵ 14 پلە هاتووەتە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەپاڵ دەیان وڵاتى تر هەر لە هێڵى سووردایە.

هەر بەپێى ریزبەندییەکە، نەرویج سەلامەترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنوسان و پلەى یەکەمى گرتووە، لە دواى ئەویش ئیستۆنیا و هۆلەندا پلەکانى دووەم و سێیەمیان گرتووە، سوید و دانیمارک و فینلەندا و ئێرلەندا و پرتوگال و سویسرا و چیک پلەکانى دواتریان گرتووە.

بەپێى ریزبەندییەکەى رێکخراوى پەیامنێرانى بێسنوور، ئەریتریان خراپترین وڵاتا بۆ رۆژنامەنوسان و پلەى کۆتایى و 180 گرتووە، دواى ئەویش کۆریاى باکور و چین و سوریا و ئێران و ئەفغانستان دێن.

نەرویج باشترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنوسان

نەرویج باشترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنوسان