وێنەی یەكێك لە ئەنفالكراوەكان
تا ئێستا 1900 روفاتی ئەنفالكراوان هەڵگیراونەتەوە
گۆڤاری تۆپزاوە ژمارەی روفاتی ئەنفالكراوان بۆ 964 ئاشكرا دەكات
964+
محەمەد فاتیح
كورد یەكێكە لەو گەلانەی زۆرترین تاوانیان لە دژ ئەنجامدراوە و جینۆسایدكراون، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست 964 كەوتوون، تائێستا روفاتی یەک هەزار و 900 کەس لە قوربانیانی ئەنفال هەڵگیراونەتەوە.
هێمن حەسیب سەرنووسەری گۆڤاری تۆپزاوە و چالاکوان له بواری جینۆساید، هەندێك وردەكاری بۆ 964 ئاشكراكرد و وتى، “تائێستا 24 گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیانی ئەنفال بە هەشت قۆناغ هەڵدراونەتەوە و لەنێو ئەو گۆڕانەدا، هەزار و 900 روفات هەن”.
“لە كۆی روفاتەكان هەزار و 745ـیان هێنراونەتەوە بۆ خاكی كوردستان و لە قەزای دوكان و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و لە گۆڕستانی دێی بنە لە كەلار و گۆڕستانێكیش كە لە تۆپزاوایە بەخاكسپێردراوون، 155 روفاتیشيان لە پزیشكی دادیە و هێشتا نەهێنراونەتەوە”، هێمن حەسیب وای وت.
گۆڤاری تۆپزاوە تایبەتە بە پرسی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی كورد كه نزیكەی 20 تاوانی جینۆساید بەرامبەری ئەنجامدراوە، ناوی گۆڤارەكەش لە سەربازگەی تۆپزاواوە وەرگیراوە كه وێستگەی سەرەكی كۆكردنەوە و زیندانكردنی ئەنفالكراوان بووە و گۆڤارەكە تایبەت كراوە بە پرسی ئەنفال و ساڵانە لە یادی ئەنفالدا دەردەچێت و هەموو بابەتەكانی تایبەتە بە ئەنفال و جینۆسایدی گەلی كورد.
ژمارەی ئەمجارەى گۆڤارەكە كه تایبەته بە (37)ـمین ساڵیادی تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنفال و 24 بابەت لەخۆدەگرێت، دابەشبووە بەسەر كۆمەڵێك دۆسیی ئەنفال و گۆڕی بەكۆمەڵ و هەڵەبجە و چەكی كیمیاويى و جینۆسایدی بارزانییەكان و ئێزیدییەكان و كۆمەڵێك تاوانی دیكەی دژ بە گەلی كورد.
