"داوای چارەسەر لە شارەوانیی هەولێر دەكەن"

ئەمشەو شیش و دارفرۆشەكانی پیشەسازیی باشوور گردبوونەوە

964+

عەبدولعەزیز خاڵند – هەولێر

تیمەکانی شارەوانیی هەولێر ئەمشەو چوونە سەر ناوچەی پیشەسازی باشوور و شیش و تەختەی كۆمەڵێك دوکان و گەراجیان بردووە، كە دار و شیش دەفرۆشن، كاسبكارەكانی بازاڕەكەش داوا دەكەن چارەسەرێكی كێشەكەیان بكرێت و بۆ ئەمەش گردبوونەوە.

ئەوان کێشەی لابردنی كەلوپەلەكانیان نییە، بەڵام دەڵێن شوێنیان نییە کە بۆی ببەن و  داوای زەوی دەکەن لە هەر شوێنێک بێت، تەنیا بۆ ئەوەی كەلوپەلەکانیان بۆ ئەوێ بگوازنەوە.

محەمەد عومەر، دارفرۆش بە 964ی، وت، راستە کە شوێنەكە موڵکی شارەوانییە، بەڵام نزیکەی 20 ساڵە ئەو کەلوپەلانەی ئەوان لەوێن.

وتیشی، “ئێمە زیاتر لە 500 کەسین، داواکاریمان ئەوە بوو لە هەر شوێنەک بێت پارچە زەویەکمان بۆ دیاریی بکەن کە حکومەت ئیشی پێ نەبێت و گونجاوبێت، بۆ ئەوەی بتوانین کەلوپەلەكانمان تێیدا دابنێین دواتر بیگوازینەوە، چونكە زۆرە و قورسە و بە ئاسانی ناگوازرێتەوە”.

هەروەها ستار جەبار كاسبكارێكی دیكەی بازاڕەكەیە و بۆ 964 قسەی كرد.

ئەو گلەیی هەبوو، كە بەم شەوە بەسەریانداداون و داوای چۆڵكردنی شوێنەكەیان لێدەكەن.

بۆ ئەم كێشەیە، 964 پەیوەندی بە محەمەد یوسف، بەڕێوبەری شارەوانیی چواری هەولێر كرد و ئەویش وتی، ئەوان زیاتر لە شەش مانگە ئاگاداری خاوەن دوکانەکانیان کردووەتەوە، بەڵام ئەوان پابەند نین و شوێنەکە چۆڵ ناکەن، ئەمەش زیادەڕۆیان کردووەتە سەر موڵکی شارەوانی”.

تیمەکانی شارەوانی و پۆلیسی قایمقامیەت لە شوێنەکە بوون و بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئەو کەلوپەلانە دابگرن، خاوەن دوکانەکانیش دەڵێن ئەگەر وا بەردەوام بێت لە چەند رۆژی داهاتوو گردبوونەوەی گەورە ئەنجامدەدەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا