هاوكار دەبن له وەرگرتنی قوتابیانی زانکۆ
لێكتێگەشتنێكی تر لە نێوان هەولێر و ئێران ئیمزاكرا
964+
محەمەد فاتیح
لە درێژەی رێكەوتنەكانی نێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، هەردوو پارێزگای هەولێر و زنجان لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی هەردوولا و بە هێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووريی نێوانيان گەیشتن بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنیەكیان ئیمزاكرد.
لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا پارێزگای هەولێر دەقی لێكتێگەیشتنەكەی بڵاوكردەوە و تییادا هاتووه بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوکاری تەکنەلۆژی و پیشەسازی، هەردوولا بیروڕا لەبارەی دۆخی ئابووری و بازرگانیی و گۆڕانکاری لە ڕێنماییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن و یەکتر ئاگادار دەکەنەوە لەو چالاکییانەی کە دەتوانن بازرگانی نێوان پارێزگای هەولێر و زەنجان بەرەوپێش ببەن.
روونیشیكردەوە هەردوولا هاوکاريی یەکتر دەکەن لە ڕێکخستنی شاندی بەرپرسانی پارێزگا بەمەبەستی ئاسانکاری هاوکاری بازرگانی، گەشتیاری، پیشەسازی، خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری، تەندروستی و وەرگرتنی قوتابیانی زانکۆ، هاوکار دەبن لەبواری پێشانگاکان و پێشانگا نێودەوڵەتییەکان و بەرەوپێشبردنی بازرگانی و پاڵپشتی ئەندامەکانیان دەکەن بۆ بەشداریکردن لەو بۆنانە، هەروەها هاندەر و پشتگیريی لە پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش و دەرفەتی وەبەرهێنان و قازانجی هاوبەش دەکەن.
ئێوارەی رۆژی 2025.4.27 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران و سەردانەكەی تاكو ئێستاش بەردەوامە و چەندین رێكەوتن و لێكتێگەیشتن لە نێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران هاتووەتە ئاراوە لە دیارترینیان رێكەوتن و لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و تارانه.