لۆگۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
راگەیاندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان
“هۆشداریی دەدەینە ئەو گرووپانەی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج”
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە بارەی ئەو هێرشە درۆنییانەی كراوەتە سەر خاڵێكی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای دهۆك، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
ئەنجومەنی ئاسایش ئەمڕۆ سێشەممە 29.4.2025 راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوە دەكات، هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ کاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێکی تێکدەرانە.
دەقی راگەیاندراوەكە:
دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانی گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.
بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە.
لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن.
ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ کاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێکی تێکدەرانە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
29ی نیسانی 2025
ئەمڕۆ و دوێنێ بە درۆنی خۆكوژ، دوو جار هێرشكراوەتە سەر خاڵێكی پێشمەرگە لە گوندی بلاڤە لە سنووری قەزای ئامێدی و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.