لە گاپێڵۆن و تەوێڵە ژمارەیک داری سەوز و باڵابەرز بڕدرانەوە - وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی و هەڵەبجە
تۆمەتبارەکان دەستگیر کران
لە گاپێڵۆن و تەوێڵە ژمارەیەک داری سەوز و باڵابەرز بڕدرانەوە
964+
شۆڕش قادری
لە سروشتی جوانی گاپێڵۆن و تەوێڵە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، بەم بەهارە ژمارەیک داری سەوز و باڵابەرز بڕدرانەوە و تۆمەتبارەکانیش دەستگیر کران.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، بەمەبەستی پاراستنی سروشت و ژینگەی سنورەکەیان، مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گاپێڵۆن دەرچوونێکیان بۆ سنووری کۆڵەرد ئەنجامداوە و دوای گەڕان و پشکنینی سنوورەکە، ژمارەیەکی زۆر داری سروشتی بڕاوە بینراوە کە لە لایەن کەسانی نەناسراو بڕدراونەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، توانیویانە تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە رایگەیاندووە، شەوی رابردوو مەفرەزەیەکیان بە هاوبەشی کارمەندانی بەش و بنکەی بیارە لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە، چوونەتە ماڵی هاوڵاتیەک لە شارەدێی تەوێڵە، بەمەبەستی پشکنین بۆ مەخزەنی ماڵەکەی.
پاش پشکنین دەرکەوتووە کەچەندین داری سروشتی شاخی بڕیوەتەوە و لەوێ شاردویەتیەوە، دارەکان لەجۆری بــەڕو، قــەزوان و گــۆیــژ بــوون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە راشیگەیاندووە، هەموو دارەکان و مشارێکی داربڕین دەستیان بەسەرداگیراوە و لەگەڵ سەرپێچیکار گوازراونەتەوە بۆ بارەگای بەش، بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.