لەسەر ئاستی پێنج وڵات یەکەمی هێناوە

 گەنجێکی سۆران بووە پاڵەوانی کۆنفۆ

964+

ئاسۆ وەرتی – سۆران

گەنجێکی دانیشتووی سۆران لەیاری کۆنفۆ، توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت لەپاڵەوانیەتییەکدا کە لەبەغدا و لەسەر ئاستی پێنج وڵات بەڕێوەچوو.

محمد ساڵح، گەنجێکی دانیشتووی سۆرانە و پیشەی کاسبە، بەشداری له پاڵەوانیەتی یاری “کۆنفۆ توای جاگوار” لەشاری بەغداد کردووە، توانیویەتی وەک کوردێک و بەئاڵای کوردستانەوە، پلەی یەکەم بەدەستبهێنت.

محەمەد ساڵح، یاریزانی کۆنفۆ بە تۆڕی964ی وت “توانیم بەسەر یاریزان عەلی سەمیر، پاڵەوانی عێراق سەرکەوم و له جەولەی یەکەمدا ئاوتی بکەم، هەستێکی خۆشم هەیە کە وەک کوردێک بەشدار بووم لە پاڵەوانێتییەکی وەهادا”.

رێکخراوی گلگامێش، ساڵانە پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی عێراق رێکدەخات، بۆ یەکەمجاریشە کوردێک بەئاڵای کوردستانەوە بەشداری پاڵەوانیەتییەکە دەکات.

لەپاڵەوانیەتی ئەمساڵدا هەریەکە لە وڵاتانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سووریا، لوبنان، عێراق و کوردستان بەشدارییان کردووە، پاڵەوانی پاڵەوانیەتییەکەش دەتوانێت بەشداری پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەکان بکات لە یاری “کۆنفۆ توای جاگوار”.

پشتیوان محەمەد، راهێنەری پاڵەوانە کوردەکە بە تۆڕی964ی وت، لەساڵی 2020، محەمەد ساڵح، هاتووەتە فێرگەکەمان و لەم ماوە کەمەدا ئاستێکی باشی هەبوو، بۆیە بەشداریکرد لە پاڵەوانیەتییەکەدا، ئەگەرچی لەڕووی تەمەنەوە بچووکترین بەشداربووی پاڵەوانیەتییەکەش بوو کە تەمەنی 17 ساڵ کەمتریشە، بەڵام  توانی بەسەر رکابەرەکەیدا کە تەمەنی 24 ساڵ بوو سەربکەوێت.

بە وتەی پشتیوان محەمەدی راهێنەر بێت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پاڵەوانیەتییەکەدا بەدوو یاریزان بەشداریان کردووە، جگە لەوەی محەمەد ساڵح بووە پاڵەوانی، ئەوا ئادەم محمودیش پلەی دووەمی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێناوە.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق