دیمەنی بەشی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان - وێنە: وەزارەتی کارەبا
پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری ماڵپەڕێکی ئەلیکتڕۆنی کردەوە
بۆ لەمەودوا هاوڵاتیان دەتوانن راستەوخۆ نرخی ئەو کارەبایەی بەکاریانهێناوە بیزانن
شۆڕش قادری
پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری کە بە پڕۆژەی رووناکی ناسراوە، ماڵپەڕێکی ئەلیکتڕۆنی کردەوە بە ناونیشانی Runaki.gov.krd کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی جیاواز لەخۆدەگرێت و هاوڵاتیان دەتوانن هەرکات ویستیان، لەوێوە نرخی ئەو بڕە کارەبایەی بەکاریانهێناوە، بیزانن.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبای هەرێم، گرنگترین تایبەتمەندییەکانی وێبسایتی پڕۆژەی رووناکی بریتی دەبێت لە؛
1- بژمێر: بەمزووانە تایبەتمەندی بژمێر بەردەست دەبێت بۆ هاوڵاتیان کە تییایدا دەتوانن پسوولەی کارەبایان بخەمڵێنن بەپێی ڕێژەی بەکارهێنانیان، نرخی بەکارهێنانیان راستەوخۆ بزانن.
2- تۆمارکردن: هاوڵاتیان دەتوانن خۆیان تۆماربکەن لە پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەوەی ئاگاداربکرێنەوە لە ڕێژەی بەکارهێنان و پسوولەی کارەبا.
3- نەخشە: بەکارهێنەران دەتوانن ئاگاداری دواین پێشهات و سەرکەوتنەکانی پڕۆژەی رووناکی ببن و بزانن کام ناوچە و گەڕەک تاوەکو ئێستا کارەبای 24 کاتژمێرییان پێگەیشتووە.
4- بەکارهێنانی بەرپرسیارانە: هاوڵاتی دەتوانێت لەڕێگای ئەم بەشەوە پێشنیار و ئامۆژگاری لەسەر چۆنیەتی کەمکردنەوە و بەکارهێنانی بەرپرسیارانە کارەبا بزانێت.
5- پرسیارە دووبارەبووەکان: وەڵامی گرنگترین پرسیارە دووبارەبووەکان دەربارەی پڕۆژەی رووناکی لەم بەشەدا بەردەست دەبن بۆ هاوڵاتیان.
ئیدریس دڵدار کارمەند لە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی رووناکی بە 964ـی وت، ماڵپەڕەکە لە ئێستادا کارایە و هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی بکەن، لەکاتی دروستبوونی کێشە و کەموکوڕیش دەتوانن، پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 1992ـەوە بکەن.