ساتی چاندنی نەمام بۆ گیانی گەنجێک وێنە: شارەوانی چوارقوڕنە
شارەوانی چوارقوڕنە
لە رێگەی چاندنی نەمامەوە رێز لە کۆچکردووان دەگرن
ژێوار خدر
ستافی سەرۆكایەتی شارەوانی چوارقوڕنە لەگەڵ خێزانی گەنجێک کە لە تەمەنی 26 ساڵیدا لە بەرواری 25.4.2025 گیانی لەدەستدابوو، 26 نەمامیان چاند.
حەسەن زرار، سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە بە 964ـی وت، دەمانەوێت سەوزکردنی ژینگە و چاندنی نەمام بکەین بە نەریت لە ناوچەکەمان، هەر بۆیەش بڕیارماندا پاڵپشتی هەر کەسێک بکەین، بۆ چاندنی نەمام کاتێک کەسێکی گیان لەدەست دەدات، بە ئەندازەی سالەکانی تەمەنی کەسەکە.
وتیشی، هەر کەسێک بیەوێت نەمام بچێنێت بۆ کۆچکردووەکەی، دەتوانێت پەیوەندی بە شارەوانییەوە بکات و ئێمە لە دابینکردنی شوێن و ناشتنی نەمامەکاندا هاوکاریان دەکەین.
“هەر دارێک هێمای ژیان و تەمەنی ئەو کەسەیە کە گیانی لەدەستداوە، یادەوەرییەکی زیندووش دروست دەکات کە بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن و مانەوە” حەسەن زرار وای وت.
سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە باسی لەوەشکرد، ئەم بیرۆكەیەیان لە مامۆستا رەوەند حەسەن وەرگرتووە، کە چالاکوانێکی ژینگەیی ناوچەکەیە و ماوەیەک لەمەوپێش ئەم بیرۆکەیەی هەبووە و چەند کەسێکیش لە ژێرناونیشانی “ریزگرتن لە كۆچكردوان لە رێگەی ژینگەوە” بیرۆکەکەیان جێبەجێ کردووە.