پزیشکێکی ڤێرتەرنەری رێنمایی هەیە
بازاڕی ماسیی نەخۆش و مردوو زیادی کردووە
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر خواردنی ماسی و گرانبوونی نرخی ماسی زیندوو، ماوەی چەند مانگێکە بازاڕی ماسییە نەخۆش و مردووەکان زیادی کردووە و پزیشکێکی ڤێرتەرنەریش دەڵێت، ئەگەر گۆشتی ماسییەکە تێکنەچووبێت خواردنی ئاساییە.
بەشێک لە خاوەن حەوزەکانی تەقتەق بۆ ساغبوونەوەی ماسییە مردووە نەخۆشەکانیان، بە ئۆتۆمبێل دەیهێننە شەقام و بازاڕەکانی قەزای کۆیە و ساغی دەکەنەوە بە نرخێکی کەمتر لە ماسیی زیندوو، ئەوەش وایکردووە بەشێکی زۆری هاوڵاتیان گومانی خراپی ماسییەکەیان لا دروست بووبێت.
خەیڕوڵڵا خدر، پزیشکی ڤێرتەرنەری پێشکەوتوو و بەڕێوەبەری کوشتارگەی کۆیە، بە 964ـی وت، زۆرجار ماسییەکان بە هۆی نەمانی ئۆکسجینەوە دەمرن، یاخود هەناوی ماسییەکە نەخۆشە و نەگەیشتووە بە پێستەکەی، لەو دوو کاتەدا خواردنی ماسییەکە هیچ کێشەیەکی نییە و دەخورێت بە مەرجێک زۆری بەسەردا نەڕوات و کەمتربێت لە رۆژێک، بەڵام ئەگەر هاتوو رەنگی گۆشتەکەی گۆڕابوو، نەرم ببوو پتەوییەکەی نەمابوو، خوێن لە پێستی ماسییەکە بێتە دەرەوە یان رەنگی چاوی ماسییەکە سپی ببێت یان لێل بێت، لەوکاتە ماسییەکە بۆ خواردن ناشێت و گۆشتەکەی تێکچووە.
زوبێر سەمیر، کە خاوەنی حەوزی ماسییە لە تەقتەق، بە 964ـی وت، خواردنی ئەو جۆرە ماسییانە ئاساییە بە مەرجێک زۆری بەسەردا نەرۆیشتبێت یان نەخۆشییەکەی نەگەیشتبێتە پێست و گۆشتەکەی، لەوکاتەدا خواردنی ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە.
بە هۆی گرانیی نرخی ماسیی زیندوو کە دەگاتە نزیکەی نۆ هەزار دینار، هاوڵاتیان زۆرجار ماسییە مردووەکە دەکڕن، کە نرخەکەی هەرزانترە و لە نێوان چوار هەزار و نیو بۆ شەش هەزار دینارە، ئەمەش وایکردووە بازاڕی ماسییە زیندووەکە کەمبێتەوە و روو لە ماسیی مردوو بکەن.
پێداچوونەوە: هاوبەش