هەر چواریان دەستگیر کران

“هۆڵی پرسەکەی سۆران لەلایەن چوار مێردمنداڵەوە سووتێنراوە”

964+

شۆڕش قادری

پۆلسی سۆران رایگەیاند، هۆڵی پرسەکەی سۆران لەلایەن چوار مێردمنداڵەوە سووتێنراوە و هەر چواریان دەستگیر کراون.

بەپێی راگەیەنراوێکی پۆلسی سۆران، “دوای ئەوەی لە رێی بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران هێلی گەرمی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران ئاگادار کراونەتەوە کە کاتژمێر 4ـی ئێوارەی رۆژی 26.4.2025 ئاگر لەهۆڵی بۆنەکانی شەهید شەوکەت لە سۆران بەردراوە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران بە وردی بەدواداچوون بۆ کەیسەکە کراوە”.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەرێگەی وەرگرتنی زانیاری، بەسوود وەرگرتن لە کامێرای چاودێری لە ماوەیەکی کورتدا، توانراوە بکەری ئاگرەکە دەست نیشان بکەن کە پێکهاتوون لە چوار مێردمنداڵ و دەستگیر کراون.

پۆلیسی سۆران راشیگەیاندووە، ئەو چوار مێردمنداڵە هەڵسابوون بە ئاگر بەردان لە هۆڵەکە و بەهۆیەوە بەشێکی هۆڵەکە سووتاوە، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەدا ناو و رایانگەیاندووە کە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان داوە بۆ ئەوەی تەشەنە نەکات، بەڵام تازە کار لەکار ترازاوە و لەدەستیان دەرچووە.

لە ئێستادا هەر چوار تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر لە بنکەی پۆلیسی نەوجەوانان راگیراون بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی.

دوێنێ، رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کە  ئاگر لە هۆلی پرسەی شەوکەت شێخ یەزدین، گەڕەکی ڕاپەرین لە قەزای ناوەندی سۆران کەوتووەتەوە، دواتر تیمێکی ئاگر کوژێنەوەی بنکەی بەرگری شارستانی سۆران و تیمی رزگارکردن دەرچوون بۆ شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە و زیانەکان کەمتر بکەنەوە.

هۆڵی پرسەی شەوکەت شێخ یەزدین لە سۆران سووتێنرا

هۆڵی پرسەی شەوکەت شێخ یەزدین لە سۆران سووتێنرا