"ئایینی حەق لای خودا تەنیا ئیسلامە"

سەرۆکی فەتوای هەرێم: پڕۆژەی بەناو “ئیبراهیمە” نەک حەرام کوفرە

964+

ئەحمەد مستەفا

“لە ڕووی شەرعەوە دروست نییە لە خاکی ئیسلامدا برەو بە ئەهلی شیرک و عەقیدەی موشریکان و کافران بدرێت، یان مۆڵگەو پەناگەو پەرستگەو مەعبەدیان بۆ دروست بکرێت”، ئەمە قسەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانە کە وەڵامی دوو پرسیاری رۆژی داوەتەوە.

ئەو لە روونکردنەوەیەکدا، وەک ئاماژەکردن بۆ “پڕۆژەی ئاینی ئیبراهیمی” قسەی کردووە، دەشڵێ، ئەگەر لە ئەسڵدا پەرستگایەکی بێباوەڕان یان کەنیسەیەکی گاوران هەبێت، ئەوا ئازادن بۆ خۆیان چی تیادا دەکەن و دروستیش نییە بڕوخێندرێت، بەڵام روون و رەوان پڕۆژەکە رەتدەکاتەوە.

دکتۆر شێخ حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لەو روونکردنەوەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 27.4.2025 بڵاوی کردووتەوە و 964 بینیوویەتی دەڵێت، ئەگەر مەبەست پڕۆژەی بەناو ئایینی ئیبراهیمی بێت کە غەرب برەوی پێ دەدات، ئەوا نەک حەرامە بەڵکو کوفرە، و موجیبی غەزەبی پەروەردگارە، چونكە ئایینی حەق لای خودا تەنیا ئیسلامە.

ئەم پڕۆژە ماوەیەکە لێرەوە و لەوێ گرنگی پێ دەدرێ و کۆنفڕانس و لێکۆڵینەوە و رای لە بارەوە بڵاو دەکرێتەوە، هەندێک وەک کۆکەرە و و هەندێک بە سەنتەر نەبینینی ئاینی ئیسلامی دەبینن و دژی وەستاونەتەوە.

بە گوێرەی پەیڕەوکارانی “ئاینی ئیبراهیمی” بێت لە پێشیانەوە وڵاتی ئیمارات، ئەوە ئاینێکی دابەزێنراو نییە لە لایەن خوداوە، بەڵکو پڕۆژەیەکی فیکریی – سیاسییە کە هەوڵ دەدات بیروباوەڕی ئیسلامی، جولەکە و مەسیحی لە ژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە، بە بیانووی ئەوەی کە هەرسێ ئاینەکە سەر بە پێغەمبەرێکن کە ئیبراهیمە و بانگەشە دەکرێت کە ئەم ئاینانە دەکرێت تێکەڵ بکرێن بۆ پێکهێنانی “ئاینێکی یەکگرتوو” کە هەمووان رازی بکات.

دەقی ڕونكردنەوەكە:

ڕوونکردنەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەسەر نزای نیشتمانی لە کوردستان.

وەڵامی دوو پرسیاری ڕۆژ، لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتواوە:

١. ئەگەر مەبەست پڕۆژەی بەناو ئایینی ئیبراهیمی بێت کە غەرب برەوی پێ دەدات..ئەوا نەک حەرامە بەڵکو کوفرەو موجیبی غەزەبی پەروەردگارە چونكە ئایینی حەق لای خودا تەنها ئیسلامە قال تعالى: (إن الدين عند الله الإسلام)(سورة آل عمران ١٩)،

بۆیە هەر کەسێکیش جگە لە ئیسلام بە دوای ئایینێکی تردا بگەڕێت، ئەوا لێی وەرناگیرێت و لە رەنجبێبەران و خەسارەتمەندان دەبێت له قييامەتدا..قال تعالی: (ومن يبتغ غير الإسلام دينا فلن يقبل منه وهو في الآخرة من الخاسرين)(سورة آل عمران ٨٥).

ئەگەر مەبەستیش تەنها نزاکردنێک بێت پێکەوە ئەوا رەنگە مەجالێکی تیادابێت، چونکە تۆ لە رووی شەرعەوە ناتوانێت بەکەس بڵێیت نزا مەکە، ئەمە بە مەرجێک نزاکاران تێکڕایان لە ئەهلی تەوحیدو یەکتاپەرستی بن.

ئەگەرنا هەر نزایەک بێ هودەیەو نەتیجەی خۆڵ بارینە وەک مامۆستای پێرەمێردیش فەرمویەتی : خۆڵبارین لە ئەسڵدا بەردبارینەو خودا بە لەبەر خاتری حەزرەتی پێغەمبەر د.خ غەزەبەکەی سوکردووەو کردوویەتی بە خۆڵ.

وەڵامی پرسیاری دووەم:

لە ڕووی شەرعەوە دروست نییە لە خاکی ئیسلامدا برەو بە ئەهلی شیرک و عەقیدەی موشریکان و کافران بدرێت یان مۆڵگەو پەناگەو پەرستگەو مەعبەدیان بۆ دروست بکرێت.

بەڵام ئەگەر لە ئەسڵدا پەرستگاێکی بێباوەڕان یان کەنیسەیەکی گاوران هەبێت، ئەوا ئازادن بۆ خۆیان چی تیادا دەکەن و دروستیش نییە بڕوخێندرێت.

چونکە بە زۆر خەڵککردن بە موسوڵمان دروست نییە وەک قورئان دەفەرموێت: (لا إكراه في الدين) (سورة البقرة ٢٥٦).

هەروەها وێناکردنی هەر بیروباوەڕێک وەک بیروباوەڕی ئیسلام یان ئیسلام و غەیری ئیسلام وەک یەک وێنابکرێن ئەوا دیسان کوفرەو پێچەوانەی عەقیدەی ئیسلامە بە کۆی ڕای زانایانی ئیسلام.

نەتەیجەی هەر تەنازولێک بۆ گاورو و جولەکە سەرگەردانی خەجاڵەتی دونیاو قیامەتی بەدوادا دێت..خوای میهرەبان دەفەرموێت:

{ وَلَن تَرۡضَىٰ عَنكَ ٱلۡیَهُودُ وَلَا ٱلنَّصَـٰرَىٰ حَتَّىٰ تَتَّبِعَ مِلَّتَهُمۡۗ قُلۡ إِنَّ هُدَى ٱللَّهِ هُوَ ٱلۡهُدَىٰۗ وَلَئنِ ٱتَّبَعۡتَ أَهۡوَاۤءَهُم بَعۡدَ ٱلَّذِی جَاۤءَكَ مِنَ ٱلۡعِلۡمِ مَا لَكَ مِنَ ٱللَّهِ مِن وَلِیࣲّ وَلَا نَصِیرٍ }(سُورَةُ البَقَرَةِ: ١٢٠)..

والله تعالى أعلم

پ.د شێخ حسن موفتی

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا