ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی تەقینەوەکەی ئێران بۆ 18 کەس بەرزبووەوە - وێنە: تەسنیم
"پڕۆسەی کوژاندنەوەی ئاگرەکە کۆتایی هاتووە"
دواین ئاماری تەقینەوەکەی ئێران؛ 18 گیانلەدەستدان و زیاتر لە 800 بریندار
964+
شۆڕش قادری
ئاماری قوربانیانی تەقینەوە گەورەکەی ئێران بەرزبووەوە و بەپێی دواین ئامار لە تەقینەوەکەدا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 800 کەسیش برینداربوون.
مێهرداد حەسەن زادە بەڕێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵی قەیران لە پارێزگای هۆرمۆزگان بە ئاژانسی هەواڵی تسنیمی راگەیاندووە، لە دوێنێ شەوەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 27.4.2025 تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی هۆرمۆزگان و پارێزگاکانی دەورووبەری سەرقاڵی کوژاندنەوە ئاگری تەقینەوەکەی بەندری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباس بوون و پڕۆسەی کوژاندنەوەی ئاگرەکە کۆتایی هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئەم ساتە بەهۆی تەقینەوەکەوە 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 800 کەسی دیکەش برینداربوون، کە دوو لەسەر سێی بریندارەکان چارەسەری پزیشکیان وەرگرتووە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
دوێنێ شەممە 26.4.2025 لە بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباس لە پارێزگای هۆرمۆزگانی ئێران، تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا، هەرچەندە تا ئێستا میدیاکانی ئەو وڵاتە هۆکاری رووداوەکەیان ئاشکرا نەکردووە و دەڵێن نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتدپرێس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەقینەوەکە بەهۆی هەڵە گواستنەوەی بارێک لە پێکهاتەیەکی کیمیایی دەگەڕێتەوە کە بە سۆدیۆم پێرکۆلۆرەیت ناسراوە و بۆ دروستکردنی سووتەمەنی موشەک کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ئەو بارەش مانگی سێی ئەمساڵ بە کەشتییەک گەیەنراوەتە بەندەرەکە.