هەولێر
تەرمی ئەو خێزانەكەی لە رێگای بەغدا گیانیان لەدەست دا گەڕێندرایەوە
عەبدلعەزیز خالند – هەولێر
تەرمی ئەو خێزانە كوردەی هەولێر، كە دوێنی لە رووداوێكی هاتوچۆ لە رێگای بەغدا گیانیان لەدەست دا، گەڕێندرانەوە هەولێر، كەسوكاری ئەو خاوەن بارهەڵگرەی رووداوەكەشی كرد، لەگەڵ تەرمەكان هاتوونەتە هەولێر.
تەرمەكان ئەمڕۆ بە خاك دەسپێردرێن و بڕیارە سبەی پرسەشیان بۆ دابنرێت،
حاجی فاخیر موحسین كەسوكاری خێزانەكەیە و بە 964ی راگەیاند، چاوەڕێدەكەن ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەربچێت و بزانین كێ تاوانباری رووداوەكەیە.
سەبارەت بەو منداڵەی لە خێزانەكەش لە ژیاندا ماوە، حاجی فاخیر رایگەیاند، كە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و تەندروستی جێگیرە.
لەگەڵ هاتنەوەی تەرمەكان بۆ هەولێر، كەسوكاری ئەو شۆفێری بارهەڵگرەكەی رووداوەكەی لەگەڵ ئۆتۆمبێلی خێزانەكەی هەولێر كردووە، هاتوون و یەكێك لەوان بۆ 964 قسەی كرد و رایگەیاند، ئەوان زۆر خەمبارن بە رووداوەكە و هەست بە ئازارێكی زۆر دەكەن، ئامادەشن هەرچی بكرێت بۆ كەمكردنەوەی خەمی ئەو خێزانەی هەولێر پێویست بێت، بیكەن.
ئاشكراشی كرد كە شۆفێری بارهەڵگرەكە دەستگیر كراوە و ئێستا لە زیندانە تا ئەنجامی لێكۆڵینەوە تەواو دەبێت.
دوێنێ هەینی 25.5.2025 لەسەر رێگەی بەغدا نزیک بازگەی شەعب، خانەوادەیەکی شاری هەولێر، کە دایک و باوک و دوو منداڵ بوون، تووشی رووداوێکی سەختی هاتوچۆ بوون، لە ئەنجامدا دایک و باوکەکە و منداڵێکیان گیانى لەدەستداوە و یەکێک لە منداڵەکەشیان بریندارە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا